٣٥ ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێپەڕدەبێت

سی و پێنج ساڵ بەسەر قۆناخی ھەشتەم و کۆتایی پڕۆسەی ئەنفال تێدەپەڕێت، لەو قۆناخەدا کە لە ٢٥ـی ئاب بۆ ٦ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ درێژەی کێشا، بە ئەنفالی بادینان دەناسرێت، ھەزاران کەس لەو قۆناخەدا بێسەروشوێنکران و تا ئێستە ڕووفاتەکانیان نەھێنراونەتەوە. کەسوکاری ئەنفالکراوان، دوای سی و پێنج ساڵ ھێشتا چاوەڕێی ڕووفاتی کەسوکاریانن و دەڵێن: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە. خەلیل عوسمان، بەرپرسی ڕێکخراوی ٨٨ بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە دھۆک، گوتی: حکوومەتی عێراق، قەرەبووی ھاووڵاتییانی شیعە دەکاتەوە، کەچی کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو ناکاتەوە.

ئەنفالکردنی بادینان کۆتایی شاڵاوی ئەنفالەکان بوو لە ٢٥ی ئابەوە تا شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨ ھەموو ناوچەکانی بادینانی گرتەوە، تیایدا کیمیاباران و گرتن و کوشتن و ڕاگواستن و وێرانکرنی مزگەوت و دێر و دێھات و ناوچەکانی بادینان لەلایەن پێنج فیرقەی سەربازییەوە کرا، ئەوانەیشی لەو تاوانە ڕزگاریان بوو، ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون. بەپێی ڕاپۆرتی فەرماندەی فەیلەقی پێنجی عێراق، لەو قۆناخەدا چوار دە ھەزار و چوار سەد و حەفتا و سێ کەس دەستگیرکران، لەو ژمارەیە دوو ھەزار و دوو سەد و پێنجا و دوو پیاو، سێ ھەزار و سێ سەد و سێ ئافرەت و حەوت ھەزار و ھەشت سەد و چل و حەوت منداڵ بوون، ھەروەھا دوو سەد و یازدە کەس خۆیان ڕادەستکردووەتەوە، چوار سەد و ھەشتا و دوو کەسی دیکەش لەوانەی بە تێکدەر ناوی بردووە دەستگیرکران.
لە پڕۆسەی ئەنفالی بادیناندا، زیاتر لە پێنج ھەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی شەست ھەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، شەش سەد و شەست و سێ گوند بەر پرۆسەی ئەنفال کەوتن، لەنێویاندا چل گوندی مەسیحی، ھەشتا و یەک گوندی کوردانی ئێزدی، حەفتا و نۆ گوندی دیکەش کیمیابارانکران. ڕژێمی بەعس ھەر بە گرتن و زیندەبەچاڵکردنی ھاووڵاتییانی بادینان نەوەستا بەڵکو پەنای بردە بەر چەندین جۆرە چەک و ژمارەیەک ژن و منداڵی بادینانی بە چەکی کیمیایی شەھید کرد.
کەسوکاری ئەنفالکراوان، دەڵێن: کەسوکاری ئێمە بە دار و بەرد و بلۆک شەھیدکران، تاوەکو گیانیان دەرچوو ئەشکەنجەدران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، تا ئێستە حکوومەتی عێراق دانی نەناوە بە تاوانی ئەنفالی بادینان، نە داوای لێبووردنی کردووە، نە قەرەبوو کراوینەتەوە.
کەسوکاری ئەنفالکراوان، داوا دەکەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕووفاتی ئەنفالکراوان بۆ ئێمە بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی وەکو دەڤەرەکانی دیکە سەری خۆمان بخەینە سەر گۆڕ و کێلەکانیان.
خەلیل عوسمان، بەرپرسی ڕێکخراوی ٨٨ بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە دھۆک، ڕایگەیاند: ساڵ نییە داواکارییەکانی خۆمان ئاراستەی حکوومەتی عێراق نەکەین، حکوومەتی ھەرێم داوا دەکات قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە، بەداخەوە حکوومەتی عێراق ھیچ کەسێکی قەرەبوو نەکردووەتەوە، حکوومەتی عێراق قەرەبووی ھاووڵاتییانی شیعە دەکاتەوە، کەچی کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو ناکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەبێت حکوومەتی عێراق کار بۆ ناساندنی ئەو تاوانە بکات، بەتایبەتی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەو کەیسە بجووڵێنن، بۆ ئەوەی بە جینۆساید بناسێنرێت.
بەرپرسی ڕێکخراوی ٨٨ بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە دھۆک، دەشڵێ: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی کەسوکاری ئەنفالکراوانە حکوومەتی ھەرێم مووچە دەداتە کەسوکاری ئەنفالکراوان، پارچە زەوییان داوەتێ، پارەی خانوویان پێداوە، بۆ منداڵەکانیان خوێندن بە خۆڕاییە، بەردەوام داکۆکی لە مافی کەسوکاری ئەنفاکراوان لە حکوومەتی عێراق دەکات، داواش دەکەین مینۆمێنتی ئەنفالی بادینان و مۆزەخانە دروست بکرێت، ھەروەھا ڕووفاتی ئەنفالکراوانی بادینان بگەڕێندرێنەوە.