كەریم عەلی:لە 25% داهاتی دەروازەسنوورییەكانی سلێمانی بۆ كۆمپانیای بەرپرسان و حیزب دەڕوات

مەزهەر کەریم – سلێمانی

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی، ئاماژە بە بەهەدەردانی داهاتی دەروازە سنووریەكانی پارێزگاری سلێمانی دەكات و لەم چاوپێكەوتنەیدا دەڵێت: دوانزە كۆمپانیا بەناوی جۆراو جۆر لە دەروازە سنووریەكانی سلێمانی پارە وەردەگرن بۆ چەند بەرپرسێكی حیزبی كە زۆر جار كێشە بۆ دەروازەكەش دروست دەكەن.

  • شەقامی دووسایدی نێوان سلێمانی كەلار كەی تەواو دەکرێت؟
  • پارەی بۆ دابین بكرێت لەماوەی دە مانگی داهاتوودا كارەكانی تەواو دەبێت، تاكە كێشەی تەواونەبوونی ئەو ڕێگایە دابین نەكردنی پارەی پێویستە لە بانكەكانی سلێمانی بۆ كۆمپانیایی جێبەجێكار تا كارەكانی تەواو بكات لەكاتی خۆیدا.
  • کێشەی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی چارە کراوە؟
  • بانكەكانی سلێمانی تەنها لە خاڵەسنوورییەكان و داهاتی ناوخۆوە پارەیان بۆ دەچێت، گرفتی نەبوونی پارە لە بانكەكانی سلێمانی بەراورد بە ماوەكانی ڕابردوو زیاتر بووە، پارەی نەختینە لە بانكەكانی سنووری سلێمانیدا نییە.
  • هاوڵاتیانی لەسلێمانی تاچەند متمانەیان بە بانكەكانە ؟
    -بازرگانان و خەڵكی پارەداری سلێمانی متمانەیان بە بانكەكان نییە پارەكانیان دەبەنە نووسینگەی حەواڵە نایبەنە بانكەكان، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە لەكاتی خۆیدا پارەكانیان لە بانك وەربگرنەوە.
  • لەدەروازەكانی سلێمانی چەند كۆمپانیا هەن؟
  • لەدەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان و دەروازە لاوەكیەكانەوە دوانزە كۆمپانیای جۆراو جۆر هەن، كە لە دەروازەكان بەناوی جۆراو جۆرەوە بە نەقد پارە وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كۆمپانیایانە لەسەر میزاجی شەخسی دانراون هەریەكەو بەناوێكەوە پارە وەردەگرن زۆر جار ڕێگری دروست دەكەن لەبەردەم كارەكانی دەروازەكەدا.
  • هەبوونی ئەم كۆمپانیایانە زیانی بۆ دەروازەكان هەبووە؟
  • بێگومان زیانی بە دەروازەكان گەیاندووە ئەوەتا بازرگانانی ناچاركردووە بچنە مەرزەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق و لەوێ کارەکانیان بکەن، چونكە بڕە پارەیەكی كەمتریان لێ وەردەگیرێت.
  • ئەو كۆمپانیانە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەبەن ؟
  • بەپێی بەدواداچونەكانی ئێمە ئەم كۆمپانیایانە لە 25% داهاتی خاڵەسنوورییەكانی هەر دەروازەیەك دەبەن بۆ خۆیان بەبێ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، كە ئەمەش بۆچەند شەخسێك دەڕوات لەناو حزبی دەسەڵاتداری سنوورەکە.
  • لێخۆشبوونی گومركی لەدەروازەكانی سلێمانی تاچەند زیانیان بۆ داهاتی دەروازەكە هەبووە؟
  • لێخۆشبونی گومركی بۆ كارگەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكرێت، ئەمەش خۆی بۆخۆی زیان بە داهاتی دەروازەكان دەگەیەنێت لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لێخۆشبوونی گومرکییە سوودی بۆ كەمكردنەوەی نرخی ئەو بەروبومانە نەبووە كە دێنە بازاڕەكانی سلێمانی و هێشتا نرخەكەیان هەر گرانە، واتا ئەمەش سوودی چەند كەسێكی تێدایە وەك فێڵ ئەم كارە دەكرێت.
  • چەند جۆرە هێز لە دەروازە گومركیەكانی سنووری سلێمانی هەیە ؟
  • نزیكەی حەوت بۆ هەشت جۆر هێز لە دەروازە سنوویەكانی سلێمانی هەیە، بەناوی جیا جیا وەك پۆلیسی ناوچەیی و پاسەوانی ‌و هاتوچۆ و گومركی و ئاسایش و هێزی ئۆپەراسیۆن و هێزی ئەتفا و هێزی كۆماندۆی تێدایە. هیچیان متمانەیان بەوی دیكە نییە هەماهەنگیش لەنێوانیادا نییە.
  • لەكێڵگە نەوتیەكانی گەرمیان ئێستا نەوت دەردەهێنرێت ؟
  • بەردەوام ڕۆژانە بیست بۆ سی هەزار بەرمیل نەوت وەك ماوەكانی پێشوو لە چەند كێڵگە نەوتێك دەردەهێنرێت بەنموونە قادر كەرەم شەست تەنكەر نەفت دەردەهێنرێت داهاتەكەشی ناچێتەوە وەزارەتی دارایی داهاتەكەی دیار نییە كەس نازانێت داهاتەكەی بۆكوێ دەچێت.