ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان لە هەولێر، كتێبی ” نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی” بڵاو دەکاتەوە. كتێبەكە بە زمانی ئینگلیزییە و دوازدە توێژەری دیاری بواری پرسی كورد و عێراق نووسیویانە. كتێبەكە تاووتوێی ڕوانگە و نەخشەڕێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ داهاتووی پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا دیدارێكی ئەكادیمی بۆ ژمارەیەك توێژەری ناوخۆ و بیانی ڕێك دەخرێت كە تێیدا شرۆڤەی ڕوانگەی سەرۆكی هەرێم بۆ پرسی پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن و کتێبەکە هەڵدەسەنگێنن.
كتێبی ”نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی” ٤٠٢ لاپەڕەیە و لە بڵاوكراوەكانی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- كوردستانە. توێژەری دیاری وەك دەیڤید ڕۆمانۆ، جەنگیز چاندار، ئیقبال دورێ و سەعید شەمس بەشدارییان لە نووسینیدا کردووە.