فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق: رژێم مه‌به‌ستی بوو له‌میانی جینۆسایكردنی بادینان دیمۆگرافیای كوردستان بگۆڕێت

سی و پێنج ساڵ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفالی بادینان تێپه‌ڕده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی حزبی به‌عسه‌وه‌ دژ به‌ گه‌لی كورد له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام درا، له‌و باره‌یه‌وه‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، رژێم مه‌به‌ستی بوو له‌میانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا دیمۆگرافیای كوردستان بگۆڕێت.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 25ـی ئابی 2023) فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌بۆنه‌ی سی و پێنجه‌مین ساڵیادی ئه‌نفالی بادینان دژ به‌ گه‌لی كورد له‌لایه‌ن رژێمی حزبی به‌عسه‌وه‌، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رژێم له‌میانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌یان هه‌زار كه‌سی بێتاوانی ئه‌نفال كرد و له‌ زێدی خۆیان به‌دووری خستنه‌وه‌ و گوند و موڵك و ماڵیانی وێران كرد و چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژ به‌كارهێنان.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، رژێمی به‌عس له‌میانی ئه‌و پرۆسه‌ قێزه‌ون و شۆڤێنیانه‌یه‌وه‌ مه‌به‌ستی بوو نه‌خشه‌ و دیمۆگرافیای كوردستان بگۆڕێت و ئیڕاده‌ی گه‌له‌كه‌ی تێكبشكێنێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌موو جۆره‌ هێز و سته‌م و ترس و تۆقاندێكی به‌كارهێنا، به‌ڵام ئیراده‌ی به‌هێزی گه‌لی كوردستان سه‌ركه‌وت.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ داوا ده‌كات كاری جیددی بكریت بۆ به‌دیكیۆمێنتكردنی ئه‌و تاوانانه‌ و ناساندنیان وه‌ك تاوانی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و كاركردن بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ كارێكی دیكه‌ی نامرۆیی له‌سه‌ر زه‌وی.

هه‌روه‌ها فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 132ـی ده‌ستووری عێراق ده‌ربڕیوه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانبه‌ركه‌وتووانی تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس، به‌تایبه‌ت قوربانیانی تاوانه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ر تاوانێكی دیكه‌ی دژ به‌ گه‌لی كوردستان.