نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێت بەغدا ئه‌ركى خۆى بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان جێبه‌جێ بكات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ 35مین ساڵیادی ئه‌نفالی بادینان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ سوپاسی خه‌ڵكی جوامێری هه‌ولێر و به‌حركه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كاندا به‌هانای لێقه‌وماوانی ئه‌نفالی بادینان چوون و ده‌ستی یارمه‌تی و هاوكارییان بۆ درێژكردن.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند “له‌ يادى (35) ساڵه‌ى ئه‌نفالى باديناندا، به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ يادی شه‌هيدانى خه‌ڵكى سڤيلى بادينان و ته‌واوى قوربانييانى شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال ده‌كه‌ينه‌وه”.

ڕاشیگه‌یاند” ساڵى 1988 له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا بادينان (182) هه‌زار هاووڵاتيى بێتاوانى كوردستان به‌ منداڵ و ئافره‌ت و پير و گه‌نجه‌وه، بوونه‌ قوربانيى ئه‌و تاوانه‌. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين”.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند “دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق، شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، بۆيه‌ له‌ كاتێكدا گيانى پاكى شه‌هيدانى ئه‌نفال به‌ بير ده‌هێنينه‌وه‌، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى ده‌بێ ئه‌ركى خۆى بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خێزان و كه‌سوكارى قوربانييان جێبه‌جێ بكات و له‌ ئێش و ئازاريان كه‌م بكاته‌وه”‌.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا “له‌م ياده‌دا سوپاس و پێزانينمان بۆ خه‌ڵكى جوامێر و دڵسۆزى هه‌ولێر و به‌حركه‌ و ده‌وروبه‌ريان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌، ئه‌وان ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ له‌ كه‌مپه‌كانى جێژنيكان به‌ هاناى ڕاگوێزراوان و لێقه‌وماوانی ئه‌نفالى بادينانه‌وه‌ چوون و ده‌ستى يارمه‌تى و هاوكارييان بۆ درێژ كردن”.

سه‌رۆكی هه‌رێم گوتیشی “خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان، ته‌بايى و يه‌كڕيزيى ناوخۆييمان، كارى جددى و هه‌وڵدان بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى تاوانه‌كانى وه‌ك ئه‌نفال و ناساندنى به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى جيهان، باشترين يادكردنه‌وه‌ و وه‌فادارييه‌ بۆ گيانى پاكى قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان”.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها گوتی “ده‌بێ مێژوو و ڕابردووى تاڵى گه‌لانى عێراق، وانه‌ و په‌ند و هانده‌ر بن بۆ كارى پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن و مسۆگه‌ركردنى مافى ته‌واوى پێكهاته‌كان له‌ عێراقى نوێدا، بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساته‌كانى ڕابردوو دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و ئازادى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان پارێزراو بن”.