سبەی شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

سبەی هەینی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، سبەی هەینی بەیاوەری شاندێکی وەزارەت و کەسانی یاسایی سەردانی بەغدا دەکەن.

بە گوتەی کەمال محەمەد ساڵح، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

وەکو ئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی ئەو پارێزگایانەش ئامادەدەبن کە بەرهەمهێنەری نەوتن و گفتوگۆ لەبارەی پرسی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز دەکرێت.

بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانفس باس لە ناردنی بەشە بەنزین و نەوتی سپی لەلایەن هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی نەوتی عێراقی دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستووری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت وگاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە روونی هاتووە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران،  جەختیشی  لەوە کردەوە، پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە  دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون.

رۆژی 17ـی تەممووزی 2023، پێشنیازەیاسای نەوت و گاز رەوانەی ئەنجوومەنی شورای عێراق کرا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دەستووریبوونی ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆژەیاساکەدا کراوە.

یەکێک لەو بابەتانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.