پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مەسرور بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد

کەمێک پێش ئێستا کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستیپێکرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆمان کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانیکردنی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێببینین.

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، کە ئەوان گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچەکە کرد، لەوانە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان تورکیا و عێراق بە تایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتی چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بتوانن بەپێی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکەن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر بابەتی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە، گوتیشی: ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات و، نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت بۆئەوەی بتوانین رووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێک ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەیە.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند: لەڕووی ئابووریشەوە قسەمان کردووە لەسەر چۆنێتی پەرەپێدانی ئابووری نێوان هەردوولا کە لە بەرژوەندیمان بێت و بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی هەن، چارەسەر بکرێن.

لەلای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا ئاماژەی بەوە کرد: “پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە. لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد”. 

هاکان فیدان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: “لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە و بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا کرد”.

وەکو ئەوەی هاکان فیدان باسی کرد، پارێزگای هەولێر، تەنانەت لەکاتی ئەوەی بارودۆخی عێراق ناهەموار بووە، “هەمیشە پارێزگایەکی ئارام و سەقامگیر” بووە و دەڵێت: “ئەم سەقامگیرییە و بەرەوپێشچوونی ئابوورییەکەی، ئێمە بە گرنگیی دەزانین، بۆیە ئامادەین هەموو هاوکارییەک پێشکەش بکەین، بۆ ئەوەی ئەم سەقامگیرییە بەردەوام بێت، بەتایبەت لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.

لەبارەی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و پەکەکە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، “توانیومانە بەشێوەیەکی ڕەها ئەم کێشەیە (شەڕی پەکەکە) چارەسەر بکەین. ئێستا پەکەکە خۆی لەنێو خاکی عێراقدا شاردووەتەوە. لەگەڵ بەغدا و هەولێر کاردەکەین بۆ ئەوەی خاکی عێراق لە پەکەکە خاوێن بکەینەوە و هەموو پاڵپشتییەکی خۆمان پێشکەشیان دەکەین”.