سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 23ـی ئابی 2023) ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کۆبووه‌وه‌ و  وێڕای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت، هاوكات تیشک خرایە سەر دوایین سەردان و گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت و بۆچوونی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەدا و ناردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و بۆچوونی بەغدا لەم ڕووەدا خرایەڕوو.

هه‌روه‌ها لە کۆبوونەوەکەدا کار و چالاکی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بەرز نرخێندران و کۆمپانیاکانی بواری نەوت بە هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ناوبران. راگه‌یه‌ندرا كه‌ بەرگری لە ماف و گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی دەکەن، هاوكات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بە مەبەستی گه‌یشتن به‌ چارەسەر لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بوودجە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بۆچوونی حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژە یاساکە خرانەڕوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیاکانی بواری نەوت  بۆچوون و سەرنجەکانی خۆیان بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز خستەڕوو .