هەردوو وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و ئاسایشی بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان واژووکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات وەزیری ئاسایشی بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشـیان دەربارەی هەماهەنگی، هاوکاری و راهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا واژووکرد.

‎ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو رووبەرووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان کە سنوورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لە سەر هاونیشتیمانیان دروست دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو یاداشتە نەخشە رێگایەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی هەردوولا. هەروەها پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی، بە پشت بەستن و پابەندبوون بەمافەکانی مرۆڤ و ستاندەردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لەئاستێکی فراوانتر.