هەواڵێکی خۆش لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ دەرچووانی پۆلی 12 ئامادەیی

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی جەخت دەکاتەوە کە ئەمساڵیش وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتی بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى خۆمان دەڕەخسێنین.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكه‌وتی 23ـی 08ـی 2023 بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى ناوەندیی وەرگرتن، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى قوتابییان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، د. ئارام محەمەد زانکۆکانى ڕاسپارد وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بڕەخسێنن بۆ بەدیهێنانى ئاواتى گەنجان و لاوانى هەرێمی کوردستان.

وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، “بۆ یەکەمجار لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى 12ـی ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکوومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین و لانى کەمى ڕەنگدانەوەى دادپەروەرى و شەفافیەت و یەکسانى بێت لە نێوان کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان.”

لەبارەى پرسى دارایى و بارودۆخى قوتابییانیش وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوە دا کە “بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن، ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى قوتابییان گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لەو پێناوەى پارە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە دیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجانمان، بەڵێنیش دەدەین بە هەمان سیاسەت و ستراتیژ بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن بە ڕۆڵەکانى وڵاتى خۆمان، بۆیە وەک ساڵانى پێشوو ڕێگە نادەین پرسى دارایى ببێتە هۆکار بۆ لەبارچوونى خەونى لاوەکانمان.