سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کونسوڵی نوێی ئەمەریکا: پابه‌ندين به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان

کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هەردوولا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە.

پێشنوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 23ـی ئابی 2023،‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە مارك سترۆ، كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان کرد.

 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ مارك سترۆ خواستووە و”هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا” دووپاتکردووەتەوە‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌مه‌ريكا وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا، “داكۆكى له‌ پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان” کردووەتەوە.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.