محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان:زۆربەی ئەو کەرەستانەی لە بواری بیناسازیدا بەکاردەهێندرێن، بەرهەمی کارگە نێوخۆییەکانن

دوێنێ، چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی خانووبەرە لە هەولێر کرایەوە. پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 250 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاواز تێیدا بەشدارن و سەرووی 120 پڕۆژەی خانووبەرە لە پێشانگەکەدا بۆ هاووڵاتی و بازرگانان دەخرێنە ڕوو.

لە ڕیوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا، د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەرەوپێشچوونی کەرتی نیشتەجێبوون لەنێو پرۆسەی وەبەرهێنان، یارمەتیدەر بووە بۆ بەرەوەپێشبردن و گۆڕان لە چەند کەرتی دیکەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوە کرد، وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە سەرەتای دروستبوونی دەستەی وەبەرهێنان تاوەکو ئەمڕۆ، پێشکەوتنێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە. گۆڕانی بەرچاو لە کەرتی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دیارە و سیمای شارەکان گۆڕاوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە دەتوانین پشت بە خۆمان ببەستین، بەتایبەت لە بوای بیناسازیدا.گوتیشی: ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان چەندین کارگەی بەرهەمێنانی شیشمان هەیە، پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە و دەتوانین بە کوالیتیی زۆر باش هەناردەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش بکەین. لە بواری چیمەنتۆشدا بەهەمان شێوە چەندین کارگەمان هەن و دەتوانین ئەویش بە کوالیتییەکی زۆر باش هەناردە بکەین.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە وتەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی ئەو کەرەستانەی لە بواری بیناسازیدا لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن بەرهەمی کارگە نێوخۆییەکانن و هەوڵی دروستکردنی کارگەی زیاتر دەکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ کەرەستەیەکی بیناسازی لە دەرەوە هاوردە نەکرێت.