شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق:چەند لایەنێک دژی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا کار دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە، پێویستە حکوومەتی عێراقیش پابەندی ناردنی پشکی ھەرێم بیت، چونکە ھیچ بیانووەک نەماوە بۆ نەناردنی. مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بەغدا لە بیانوو دەگەڕێت و داوای ڕێژەی ١٠٠%ی داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا پارێزگاکانی عێراق ٥٠% داھات ڕادەستی حکوومەت دەکەن.

بەپێی یاسای بودجە دەبوایە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پارەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕەوانە بکرێت، بەڵام بڕیار بەدەستانی بەغدا ناچنە ژێر باری یاسای بودجە و ھیچ ڕێککەوتنێک.
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە بووجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، شاندی ھەرێم دوایانکرد مووچەی ھەردوو مانگەکانی حەوت و ھەشت بەیەکەوە بنێردرێت و پشکی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ھەشتەوە ھاوشێوەی عێراق ڕەوانە بکرێت.
ئێستە کێشەی ھەولێر و بەغدا لەسەر داھاتە فیدراڵییەکان و داھاتی ناوخۆیە، حکوومەتی عێراق داوای ١٠٠%ی سەرجەم داھاتەکان دەکات و ھەرێمی کوردستانیش بەم پێشنیازە ڕازی نەبووە، بۆ ئەمەش بڕیارە ڕۆژی ھەینی شاندی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە و لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی کوردستان قسەی کۆتایی لە بەغدا وەربگرن. لە کاتێکدا بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە بچنەوە بەغدا، بەڵام لەسەر داوای حکوومەتی عێراق چوونەکەیان دواخرا؛ کاربەدەستانی بەغدا گوتوویانە کاتی زیاترمان دەوێت بۆ وردبینی لە داھاتی کوردستان. بڕیارە ڕۆژی ھەینی بەغدا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ناردنی بودجەی تەواو بۆ ھەرێمی کوردستان بدات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی ھەموو ھاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و ھیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێتەوە.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە ١٢,٦٧% دیاری کراوە، دەبێت مانگانە حکوومەتی عێراق ترلیۆنێک سێ سەد و ھەشتا و چوار ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەبووە.
زیاتر لە پەنجا و یەک ماددەی دەستووری ھەن تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردوون، بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، وەکو ماددەی ١٤٠، یاسای نەوت و گاز و ئەنجوومەنی فیدراڵی، ئەو ماددانەشی پێویستی بە یاسایە، یاسای بۆ دەرنەکراوە، پابەند بوون بە دەستوور تاکە ڕێگە بۆ چارەکردنی کێشەکان، پارتی ھەمیشە داکۆکی لەوە کردووەتەوە ئەو دەستوورەی لە عێراق ھەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە بەجێبەجێ کردنی زۆربەی کێشەکان چارە دەبن.
ھەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئێستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە سەد و بیست ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی، پێشتر ھەرێمی کوردستان پەنجاوپێنج ھەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا دەکرد، بەڵام ئێستە ڕێژەکە بەرزبووەتەوە.
سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: بەم نزیکانە شاندێک بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە سەردانی تورکیا دەکات.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی لەو بارەیەوە جێبەجێ کردووە، ھاوکات بودجە لە پەرلەمان دەرچووە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکراوەتەوە و دادگەی فیدراڵیش پەسەندی کردووە و ڕێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنیشی دەرچوونە.
قەرەنی، دەشڵێ: شاندەکانی ھەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەیە چارەی ئەو پرس و بابەتانە بکەن، کە ھێشتا ھەردوولا لەسەری نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بۆ نموونە داھاتە نانەوتییەکان، کە بەپێی یاسای دارایی دەبێت ھەموو پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ٥٠%ـی داھاتی نانەوتی بۆ بەغدا بگەڕێنەوە، بەڵام مایەی سەرنجە داوا لە ھەرێمی کوردستان دەکەن ١٠٠%ـی ئەو داھاتە نانەوتییانە بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە! ئەو داواکارییەی بەغدا تەواو پێچەوانەی دەستوورە. سەرباری بیانووەکانی حکوومەتی عێراق، ھاوکات ھەندێک لایەنی سیاسییش دەستیان ھەیە لە دروستکردنی فشارەکانی بەغدا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، کە لە کاتی پەسەندکردنی بودجەشدا ھەمان ئەو ڕۆڵە نەرێنییەیان گێڕا.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: تا ئێستە حکوومەتی عێراق بەپێی یاسای بودجە پابەند نەبووە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان جا بە ھەر بیانووەک بێت، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چۆتە بەغدا و ھەموو وەرقەکانی خۆی بە شەفافانە بەپێی یاسای بودجە ڕادەستیان کردووە و دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش ھاتوون بۆ ھەرێم ھەموو شتێکیان بە شەفافی بینیوە، بۆیە پێویستە ئەوانیش پابەندبن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی مووچەی شارەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت، نابێت پرسی مووچە بە بابەتێکی دیکەوە ببەسترێتەوە.