دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى نوێى هيندستان كرد

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22/8/2023 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مادان گۆپال كونسولى گشتيى نوێى هيندستان له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ياوه‌رى، وێڕاى به‌خێرهێنان، پشتگيريى خۆيان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هيندستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ربڕى.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هيندستان وڵاتێكه‌، عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌توانن له‌ زۆر بواردا سوود له‌ شاره‌زايى و پسپۆڕى و ئه‌زموونه‌كانى وه‌ربگرن، بۆيه‌ گرنگه‌ هه‌رێمى كوردستان بايه‌خ و گرنگى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هيندستان بدات. له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌تايبه‌تى ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى كردنه‌وه‌ى گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و هيندستان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى نوێى هيندستان، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌ركاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و جه‌ختى له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.