چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 6, 2024
Image default

تورکیا و عێراق جەخت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرە، لەگەڵ ئەلپ ئارسلان بەیرەکتەر، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، دوای تەواوبوونی پرۆسەکانی نۆژەنکردنەوە و پشکنینی پێویست بۆ بۆرییەکانی نەوت، کە بەهۆی بوومەلەرزەی شوباتەوە زیانیان بەرکەووتووە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا جەختیان لە “بەرزکردنەوەی ئاسۆی هاوکاری هاوبەش لە بوارەکانی وزە، نەوت، گاز و کارەبادا” کردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە هەردوو وڵات دەکەن. 

له‌ 25ی ئاداری رابردووه‌وه‌ تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دابینبكرێت.