٢٠٢٣؛ ساڵە هەرە گەرمەکەی مێژوو

شارەزایانی کەشوهەوا ڕایدەگەیێنن ساڵی ٢٠٢٣ یەکێک بووە لە سێ ساڵە هەرە گەرمەکەی مێژووی مرۆڤایەیەتی.

چەند ساڵێکە پلەی گەرما بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ساڵ لەدوای ساڵ پلەی گەرما لە سەرانسەری جیهان بەرزتر دەبێتەوە و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەش کە لە گەردوون ڕوو دەدەن وەک توانەوەی بەستەڵەکی گەورە و سووتانی دارستان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گۆی زەوی بەرەو گەرمداگەڕان دەڕوات.
سارە کاپینک گەورە شارەزای ئیدارەی نیشتمانیی کەشوهەوا لە ئەمریکا دەڵێت ”تا ئێستا ساڵی ٢٠٢٣ یەکێک بووە لە سێ ساڵە هەرە گەرمەکەی سەر گۆی زەوی؛ پێشبینییش دەکەین ببێتە گەرمترین ساڵ کە تا ئێستا زەوی بەخۆیەوە بینیبێت“. وتیشی “لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ گەواهیدەری تۆماركردنی پلەی گەرمای نوێی جیهانی و پلەی گەرمای سەر ڕووی زەریاكان بووین”.
ناوبراو گوتوویەتیشی: “ئەم ئاستە تۆماركراوانەی پلەی گەرما كاردانەوەی كارەساتباریان لەسەر مرۆڤ و هەسارەكە هەیە”.
زانایانی ئەمریکاش پێشبینیان کردووە، بەهۆی دیاردەی ئێڵنینۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەمساڵ گەرمتر بێت.
زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە هەموو ئەمانە كاتین، بەڵام ئەم دیاردانە ئەوە دەردەخەن كە پێویستە زۆر بە پەلە هەوڵی گەورە بدرێت بۆ ئەوەی دەردانی گازە گەرمداگەڕێنەکان كەم بكرێنەوە، چونكە دەردانی ئەم گازانە هۆكاری سەرەكین بۆ گەرمداگەڕانی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایش کار دەکاتە سەر ژیانی زیندەوەران و هەڵکشانی ئاوی دەریا و زەریاکان و توانەوەی بەستەڵەکەشاخەکان.