ههروهك له راگهیهندراوهكهی بارهگای بارزانیدا هاتووه: لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای قسەكانیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێم و ڕایگەیاند، هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە و خوازیارە كە یەكبوون و یەكڕیزی لەناو لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت، چونكە سەركەوتن لە یەكبوون دایە. بەڵام مەرجی سەرەكیی یەكبوون، بڕوابوونی هەموو لایەكە بە سەرفرازیی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی.
سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی هەوڵدان بۆ لەناوبردن و پەراوێزخستنی گەلی كوردستان لە لایەن دەوڵەتی عێراق لە سەدەی ڕابردوو، باسی لەوە كرد، دوای 2003 دەرفەتێكی باش هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و پابەندبوون بە دەستوور، كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام جێگەی داخە هەتا ئێستاش رێز لە دەستوور و رێككەوتنەكان ناگیرێت و لەڕێگەی دەستكاریكردنی یاساكان هەندێ هەوڵ لەئارادان بۆ لاوازكردن یان نەهێشتنی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند، ئیدی ئەو رۆژە نەما كەسێك بتوانێ كار بۆ نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان بكات كە بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستانە.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبوان شیكردەوە، كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بەخۆی و تواناکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێم لە بەرنامەیدایە كە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات و دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.
لەدرێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەو تەوژمە دوژمنكارییە كرد كە بەنیازی بڵاوكردنەوەی نائومێدی و نەهێشتنی هەستی نیشتیمانپەروەری و هەروەها مەترسی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەرن لەناو خەڵكدا.
پەیوەست بەو باسەوە سەرۆك بارزانی داوای لە زانایانی ئایینی و مامۆستایان كرد كە كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و دینداریی ڕاستەقینە و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی بكەن.
لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا دەرگەی گفتوگۆ كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و پێشنیاری ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە.