وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆچی دوایی سەربازێکی سوپای فەرەنسا لە هەولێر پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاوخەمی خۆیان بۆ خانەوادەی کۆچکردووە دەردەبڕن.
ئەمڕۆ دووشەممە (21ـی ئابی 2023) وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، گیان لەدەستدانی “نیکۆلاس لاتۆرت” سەرباز لە هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق خەمباری کردین، کە دوێنێ 20ـی ئابی 2023، لەکاتی مەشق و راهێنان کردن بە هێزێکی سوپای عێراقی بەسەختی بریندار بوو”.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی سەربازەکە گەیەندرایە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر گیانی لەدەستدا، لەم هەفتەیەدا ئەوە دووەم سەربازی هێزەکانی فەڕەنسایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رووداوی دڵتەزێن گیان لەدەست دەدات.
لە پرسەنامەکەدا، وەزارەتی پیشمەرگە ئاماژەی بەوەکردووە، “بەم بۆنە خەمناکەوە هاوبەشی خەمی فەرماندەیی هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خانەوادەی کۆچکردووین، دووپاتی دەکەینەوە کە هاوبەشی و هەماهەنگیمان لەگەڵ سوپای فەڕەنسا بەرز دەنرخێنین، بەتایبەت کە ئەوان بەردەوام هاوکاربوون بۆ پێشخستنی تواناسەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە جەنگی تیرۆرستان”.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئابی 2023، وەزارەتی هێزە چەکدارەکان (بەرگری)ـی فەرەنسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، سەربازێکیان بە ناوی “نیکۆلاس لاتۆرت”، کە سەر بە فەوجی شەشی ئەندازیاران بوو، لەکاتی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، سەربازەکە دوای ئەوەی “بە سەختی” برینداربووە، بە هێلیکۆپتەر گواستراوەتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا شوێنی رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، “نیکۆلاس لاتۆرت” لە 21ـی ئایاری 2023، لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکاندا جێگیرکرابوو و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشداریی لە راهێنانی پەرپەرچدانەوەی تەقەمەنی چێندراودا دەکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی هەینی، 18ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: “سەربازێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، کاتێک خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەکدراەکانی عێراق”.