سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆک بارزانی لە دەڤەری بادینان: من هاتووم گوێ لە گلەیی و گازندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم

سەرۆک بارزانی لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبوویەوە و پێی راگەیاندن: ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە و ماندووبوونە و هەرچی بۆتان بکرێت هەر کەمە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی دیدار و ئاگاداربوون لە رەوشی ژیانیان و پێشنیار و تێبینیەکانیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و بریندار و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبوویەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ.

سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەو کۆسپ و هەڕەشە و تەحەدییاتانە کرد کە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا هەن و جەختی لە  بایەخی پابەندبوون بە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئاگادارکردنەوەی گەنجەکان و گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکان و نیشتیمانپەروەری  کردەوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا باسی لێوە کراوە، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران هەبوو و رایگەیاند، “ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە و ماندووبوونە و زەحمەتتان کێشاو و هەرچی بۆتان بکرێت هەر کەمە”.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: من هاتووم گوێ لە گلەیی و گازندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم و داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە ڕاشکاوی بۆم باس بکەن.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بەرفراوان ئەنجام درا و ئامادەبووان پرسیار و داواکاری و تێبینیەکانیان بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو.