کۆمیسیۆن خشتەی ڕێکارەکانی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئامادەکارییەکان بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن، کۆمیسیۆن خشتەی ڕێکارەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت. بەپێی دوا ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە زیاتر لە سەد و پەنجا و دوو ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان لە بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ناوەکانیان نوێکردۆتەوە و بیست و سێ ھەزار و پێنج سەد و سێ کەسیش بۆ یەکەمین جار بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکەن. کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: داوا دەکەین بە یاسای پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێت.

ڕۆژی پێنج شەممە ٣ـی ئابی ٢٠٢٣، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا، ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ دیاریکرد بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
لە دوایی مەرسوومەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کە ڕاستەوخۆ ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرا، بڕیار لەسەر دەستپێکردنی ڕێککارەکانی سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درا کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و یازدە کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێک ھاتووە.
شێوازی ھەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نھێنی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و ھەر لیستێکی ھەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە ٣٠% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵە.
ڕۆژی یەک شەممە ١٣ـی ئابی ٢٠٢٣، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تا ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ درێژکردەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: تا ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە لە پارێزگای ھەولێر لە کۆی ٣٥ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، شەست و دوو ھەزار و چل کەس زانیارییەکانیان نوێکردووتەوە، کە ھەزار و دوو سەد و شازدە کەسیان لە ئاوارەکانن و ژمارەی لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٥ کە بۆ یەکەمینجارە بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکەن، بریتی بووە لە نۆ ھەزار و ھەشتا و ھەشت کەس، لە پارێزگای دھۆک لە کۆی ٤١ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بیست و ھەشت ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و چوار کەس زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە و ھەزار و سێ سەد و حەفتا و شەش کەسیان لە ئاوارەکانن و لە دایکبووانی ٢٠٠٥یش ژمارەیان پێنج ھەزار و شەش سەد و چواردە کەس بووە، لە پارێزگای سلێمانییش، لە کۆی ٧٩ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ژمارەی ئەو کەسانەی زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە، شەست و یەک ھەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بووە کە حەوت سەد و سی و ھەشت کەس لە ئاوارەکانن، لە دایکبووانی ٢٠٠٥ـیش ژمارەیان ھەشت ھەزار و ھەشت سەد و یەک کەس بووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە تەواوی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ٧٤%ـە، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و شەش سەد و چل و یەک ھەزار و پێنج سەد و شەست و شەش کەسە.
وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا و پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١٠٠ کاندیدی دەبێت و ٣٠%ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن. کاوە گەردی، کارگێری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: پارتی ھەموو کاتێک بۆ ھەڵبژاردن ئامادە بووە، ھەڵبژاردن بەپێی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بکرێت، ھەڵبژاردن بۆ حیزب و لایەنێک نییە، بۆ گشت خەڵکە، بۆیە وەکو پارتی داوا دەکەین ھەڵبژاردن بە یاسای ئێستەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
کارگێری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: دەبوایە مانگی ١١ـی ساڵی ٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان کرابایە، بەڵام ھەندێک حیزب و لایەن لە کۆتایی مانگی سێی ھەمان ساڵ پڕۆژەیاسایان پێشکەش بە پەرلەمان کرد تاکو گۆڕان لە یاسای ھەڵبژاردن و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکرێت، جیا لەوەش داوایانکرد بەغدا لە ڕێگەی بایۆمەتری و چوار بازنەیی ھەڵبژاردن بەڕێوەببات، ئەوەش وای کرد ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و دوا بخرێت.
تا سەرەتای مانگی داھاتوو پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەردەوام دەبێت، لایەنەکان چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی خشتەی ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن، کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا خشتەکە ڕادەگەیەنرێت. کاوە گەردی، کارگێری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: کۆمیسیۆن خشتەکە بڵاو دەکاتەوە تا ئێستە کارەکان بەڕێکوپێکی دەکرێن، یەکەم ھەنگاویش نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە، کۆمیسیۆن مافی ھەیە ڕێکارەکان بەپێی یاسای ھەڵبژاردن لە عێراق دەربکات، بەڵام ناتوانێت دەستکاری خاڵە بنەماکانی ناو یاسای ھەڵبژاردنی کوردستان بکات.