پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی كۆڕنیشی ده‌لال زیاتر له‌ یازدە ملیار دیناری تێچووه‌

چواس خالید – هەولێر

كه‌ررتی گه‌شتیاری كه‌ له‌ كۆڵه‌كه‌ به‌هێزه‌كانی ژێرخانی ئابوورییه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه‌ كار له‌ پته‌وكردنی ئه‌و كه‌رته‌ ده‌كات و ١٤ی ئابی ٢٠٢٣، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری كۆڕنیشی ده‌لالی له‌ زاخۆ كرده‌وه‌. ئەم پرۆژە كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵكشانی ژماره‌ی گه‌شتیاران ده‌بێت.

پڕۆژه‌كه‌ به‌ درێژایی هه‌زار و پێنج سه‌د مه‌تر له‌ مه‌به‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕووباری خابوور له‌ زاخۆ هه‌ڵكه‌وتووه‌ و به‌ تێچووی یازده‌ ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار بنیات نراوه‌.
پڕۆژه‌كه‌ كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی گه‌شتیارییه‌، ڕووبه‌ری ٧٠%ی سه‌وزاییه‌ و له‌ناو پڕۆژه‌كه‌دا به‌نداوێك به‌ درێژایی ٧٣ مه‌تر و به‌رزی ٣.٥ مه‌تر ڕۆنراوه‌، كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی دوو سەدە پەنجا هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌.
بنیاتنان و فراوانكردنی پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری كۆڕنیشی ده‌لال له‌ زاخۆ به‌رده‌وام ده‌بێت و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ گوتاره‌كه‌ی له‌میانی مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا، مزگێنی به‌ هاووڵاتیانی زاخۆ دا به‌وه‌ی له‌ دروستكردنی كۆڕنیشی زاخۆ به‌رده‌وام ده‌بن به‌ درێژایی ڕووباری خابوور تا له‌ سنووری زاخۆ ته‌واو ده‌بێت.
هاوكات سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌وه‌ تاكه‌ پڕۆژه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ له‌ كه‌رت و بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا كراون، یان له قۆنا‌‌‌غی‌ جێبه‌جێ كردندان، به ‌گشتی زیاتر له‌ ١٧٠ پڕۆژه‌ بوون.
كه‌رتی گه‌شتیاری كه‌ كه‌رتێكی به‌هێزی بوژاندنه‌وه‌ی وڵات و سه‌رچاوه‌یه‌كی پڕداهاته‌ و هۆكارێكه‌ له‌ جوڵه‌ی بازاڕه‌كان و داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌ گیرفانی دانیشتوانی شار و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانه‌وه‌ و ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌سترێ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه‌ كار له‌ بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته‌ ده‌كات و به‌پێی داتاكان، له‌ چوار ساڵی ڕابردوودا شه‌ست و چوار پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری گرنگ له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات ناوه‌.
هاوكات ژماره‌ی گه‌شتیاریش بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕووه‌ و به‌رزییه‌ و به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پار شه‌ش ملیۆن و سەد و شەست وهەشت هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، ساڵی ٢٠٢١ ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبوو، چوار ملیۆن و سەد و هەشتا و نۆ هه‌زار و چوار سەد و سی و یەک گه‌شتیار بوو، به‌و پێیه‌ ژماره‌ی گه‌شتیارانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، پار به‌ به‌راوردی پێرار، ملیۆنێك و نۆسەد و حەفتا و هەشت هه‌زار و چوار سەد و سی و یەک گه‌شتیار زیادی كردووه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئه‌مساڵ گه‌لێك زیادتر بێت.
ئه‌و ژماره‌یه‌ی گه‌شتیاران له‌كاتێكدایه‌، به‌ رله‌ ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش و ناكۆكییه‌ سیاسی و داراییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ، ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ باشترین دۆخدا له‌ ساڵی ٢٠١٣ بووه‌، كه‌ ئه‌وكات ژماره‌ی گه‌شتیاران ته‌نیا سێ ملیۆن گه‌شتیار بوو.