چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پرۆژەى بەبازاڕکردنی گەنم لە سلێمانی ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد بەرهەم دەهێنێت

پاڵپشتیکردنی جووتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، کاری بەردەوامی کابینەی نۆیەمە و لەم پێناوەشدا چەندین سایلۆی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە؛ پرۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، یەكێكە لەو پرۆژانە و لە قۆناغی یەكەمیدا، دەتوانێت ٦٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت و ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد بەرهەم دەهێنێت.

زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پرۆژەکە، لەوبارەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی گوت: “پرۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، لە ٣٠ کۆگا و پێنج کارگەی بەرهەمی خۆراکی پێک هاتووە؛ گوژمەی پرۆژەکە ١٢٨ ملیۆن دۆلارە و لە چەند قۆناغێک پێک دێت، توانای کۆگاکردنی ١٥٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ١٢ کۆگا و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئارد پێک دێت، لەم قۆناغەدا دەتوانێت ٦٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت.”

سایلۆكە لە ڕێكەوتی ١٣ـی ئابی ٢٠٢٣، دەستی بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران کردووە و ڕۆژانە سەروو ٤٠ بارهەڵگر گەنم لە جووتیاران وەر دەگرێت، کارگەکەش ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد بەرهەم دەهێنێت؛ ئەمە جگە لەوەی کە پڕۆژەکە هەلی کاری بۆ سەدان دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە.