چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: ساڵانە تیروپشک بۆ پڕۆسەی حەج دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەرەتای مانگی داهاتوو ناونووسین بۆ حەجی ساڵی 2024 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. ئاماژە بەوەش دەدات، ساڵانە ناونووسین و تیروپشک بۆ پڕۆسەی حەج دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئابی 2023، شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: “سەرەتای مانگی داهاتوو (ئەیلوول) ناونووسین بۆ پڕۆسەی حەجی ساڵی 2024 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوبوونی رێکارەکان، لە ڕێگەی تیروپشکەوە ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێت کە دەتوانن ساڵی داهاتوو پڕۆسەی حەج ئەنجام بدەن، واتا دەکرێت لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو هەم ناونووسینەکە بکرێت و هەمیش تیروپشکەکە”.

“ئەوانەی سەرووی 18 ساڵن دەتوانن خۆیان ناونووس بکەن”

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بڕیار وابوو لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە ناونووسین بۆ پڕۆسەی حەجی ساڵی 2024 بکرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، ئەو بڕیارە هەڵوەشێندرایەوە و هاووڵاتییان بۆ ئەوەی خۆیان ناونووس بکەن، پێویستە سەردانی نووسینگەکانیان بکەن. دەشڵێت: “بۆ حەجی ساڵی 2025 ناونووسین بە ئۆنڵاین دەکرێت”.

شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی روونیشیکردەوە، هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە دەتوانن خۆیان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو ناونووس بکەن، لیژنەیەک بۆ هەڵسانگاندنی باری هۆشیاری و تەندروستیی ئەو کەسانە پێکدەهێنرێت، کە لە تیروپشکەکەدا ناویان بۆ حەج دەردەچێت، گوتیشی: “لە ماوەی رابردوودا هەندێک کەسمان لەگەڵدا بوون، بە تەمەن و نەخۆش بوون، نەیاندەتوانی وەکو پێویست پڕۆسەکە ئەنجامبدەن، بۆیە بڕیارمانداوە بۆ ئەمساڵ تەنها رێگە بەو کەسانە بدەین کە لە توانایاندایە حەج ئەنجامبدەن”.

“ساڵانە تیروپشک بۆ پڕۆسەی حەج دەکرێت”

لە ماوەی رابردوو هاووڵاتییان دەیانتوانی بۆ چەند ساڵێک خۆیان ناونووس بکەن و ساڵانە ناویان دەخرایە تیروپشکەوە، بەڵام وەکو ئەوەی شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی باسی دەکات، ئەگەر ئەمساڵ ناوی هاووڵاتییەک لە تیروپشکەکەدا دەرنەچوو، پێویستە ساڵی داهاتوو، جارێکی دیکە خۆی ناونووس بکاتەوە، ئەگەر بیەوێت حەج بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە راشیگەیاند: ”لە ساڵی 2017دا، 86 هەزار 850 هاووڵاتی داواکاری خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانی 2017، 2018 و 2019 بە ئەنجامدانی تیروپشک 17 هەزار کەس لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ناویان گەڕاوەتەوە و حەجی خۆیان ئەنجام داوە. بۆ ئەو کەسانەش کە مابوونەوە و ناویان نەگەڕابووەوە لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2019، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دیدارێکی بە سەرپەرشتی وەزیری ئەوقاف ئەنجام دا و بڕیار درا بۆ ساڵێکی تر حەج کردن هەر لەنێو ئەو کەسانەدا بکرێت کە لەو ساڵانەدا ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و تیایدا چوار هەزار و 350 هاووڵاتیی تر ناویان دەرچوو، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ماوەی دوو ساڵ راگیرا.”

لە ساڵی 2017 کە ئەو کات نانووسین بۆ پێنج ساڵ بوو، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان خۆیان ناونووس کرد، بەڵام تا ئێستا لە تیروپشکەکاندا ناویان دەرنەچووە، لەکاتێکدا نزیکەی 50 هەزار دیناریان بۆ رسومات دابوو؛ بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لەوبارەوە رایگەیاند، بۆ حەجی 2024 دووبارە ناویان دەخەنە نێو تیروپشکەکەوە بەبێ ئەوەی پارەیان لێ وەربگیرێت.

چەند بڕە پارە لە حاجییان وەردەگیرێت؟

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە لە حاجیان وەردەگیرێت، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا بڕە پارەکە بۆ حەجی 2024 دیارینەکراوە و گوتی: “ئەو پارەیەی کە بۆ حەج وەردەگیرێت تەنیا بۆ خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، چونکە ئەو کەسانە بە فڕۆکە دەگەیێندرێنە سعوودیە و شوێنی مانەوەیان لە مەککەی پیرۆز و مەدینەش بۆ تەرخان دەکرێت، هەروەها هۆتێلی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت لەگەڵ هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک ئۆتۆمبێل لە مەدینەوە بۆ مەککە و بۆ عەرەفە و بۆ مینا و ئەو شوینانەی کە ئەرکە ئایینیەکانی تێدا ئەنجامدەدەن، هەروەها لەگەڵ دابینکردنی خواردن، بۆیە ئەو بڕە پارەیە نەک لە هەرێمی کوردستان، به‌ڵكوو لە هەموو وڵاتان بە هەمان شێوەیە، ته‌نانه‌ت زۆرجاریش بووە ئەو بڕە پارەیەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراق کەمتر بووە”.

لە 2023 زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان حەجیان ئەنجامدا

لە ساڵی 2023، 37 هەزار هاووڵاتی عێراق، کە چوار هەزار و 685 ـیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونە سعوودیە. شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی دەڵێت: “پشکی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی حەج دیاریکراوە، بۆیە پێشبینی دەکەم بۆ ساڵی داهاتووش نزیکەی چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێم بتوانن حەج بکەن”.

لە 10ی حوزەیرانی 2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەیشتە ناو خاکی سعوودیە. دوو رۆژ دواتر، لە 12ـی حوزەیرانی 2023، یەکەمی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی گەیشتە شاری مەککە.