لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی کۆدەبێتەوە و، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش داوای زیادکردنی پشکی کارەبای نیشتمانی پارێزگای هەولێر دەکات و دەڵێت، پشکی کارەبای نیشتمانیی پارێزگاکەیان بەروارد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەمترە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئابی 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: “رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 23ـی ئابی 2023، ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 112ـی خۆی لەبارەی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بۆ پارێزگای هەولێر، جیاوازی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەولێر و کێشەی سیستەمی پریبەید (پارەدانی پێشوەختە) ئەنجام دەدات”.
وەکو ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر باسی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، ئەندازیارێک لە کۆنترۆڵی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا و ئەندازیار قارەمان مەولوود، بەرپرسی مووەلیدە ئەهلییەکان، لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەکرێت.
“داوا دەکەین پشکی کارەبای هەولێر زیادبکرێت”
بە گوتەی عەلی رەشید، هۆکارێکی کەمی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ “بوونی دامودەزگاکانی حکومەت، وەکو پەرلەمان، وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەگەڕێتەوە، کە سیفاتی هەرێمایەتییان هەیە و لەسەر بەشەکارەبای هەولێر کارەبایان بۆ دابینکراوە، بۆیە داوادەکەین کاتێک پشکی پارێزگاکان دیاردەکرێت، کارەبای ئەو دامودەزگایانە لەگەڵ پشکی پارێزگای هەولێر دیارینەکرێت”.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هۆکارێکی دیکەی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری بیرە ئاوییەکان دەگەڕێنێتەوە، کە وەکو خۆی دەڵێت، رۆژانە پێویستییان بە بڕێکی زۆری کارەبا هەیە.
لە هەردوو وەرزی بەھار و پاییز، وەکو ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، کارەبای زیاتر بە شاری ھەولێر دەدرێت کە پێویستیان بەو بڕە زۆرە نییە، بەڵام لە وەرزەکانی ھاوین و زستان کارەبای شارەکە کەمە، بۆیە دەیانەوێت لە کۆبوونەوەکەدا ئەو کێشەیەش چارەسەر بکەن.
عەلی رەشید ئاماژەی ئەوەشی خستەڕوو، بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، کارەبای سیستەمی پریپەیدە و گوتی، “نرخەکەی لە ئێستادا گرانە، بەڵام پێمان وایە ئەو سیستەمە باش و سەرکەوتووە و، خەڵک دەست بەکارەباوە دەگرێت. ھاوتاکردنی لەگەڵ بازرگانی زۆرە و لەماوەی رابردوو لە بازاڕی لەنگە و شوێنی دیکە جێبەجێ کراو خەڵک زۆر دڵی پێخۆشەوە و دەزانێت بازرگانییە و دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام بۆ شارەکان ئەو نرخە زۆرە و پێویستە گونجاو بێت، چونکە نیشتەجێبوون و بازرگانی لێک جیاوازن”.
لەبارەی ئەگەری بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، عەلی رەشید گوتی: “تەوەری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەکان دیاریدەکرێت؛ هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەمان لەبارەی دیاریکردنی قائیمقامی چۆمان هەبوو، ئەم هەفتەیەش تەوەری کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای لیژنەی پیشەسازی و وزە، کە بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە، دیاریکراوە و دەکرێت هەفتەیەکی دیکەش لەسەر هەمان بابەت کۆببینەوە”.
“نزیکەی دوو هەزار موولیدەی ئەهلی لە سنووری هەولێر هەن”
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، “کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە ھەولێر بەراورد بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆک کەمترن و داوای زیادکردنی پشکی پارێزگای هەولێر دەکەین. لە مانگی تەممووزی رابردوو، پارێزگای ھەولێر 100 کاتژمێر کارەبای مووەلیدەی ھەبووە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی 25 کاتژمێر کارەبای مووەلیدە ھەبووە، ئەمە جیاوازیەکی زۆرە. ئەگەر ھەندێک جیاوازیشی ھەبێت ئاساییە، بەڵام ئەو رێژەیە زۆرە”.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، بەرپرسی مووەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، “نزیکەی دوو هەزار مووەلیدەی ئەهلی لە ناو شار و دەوروبەری شاری هەولێر مۆڵەتییان لەلای ئێمە هەیە، رۆژانە کاردەکەن و بەردەوام رێنماییان پێ دەدەین لەبارەی چۆنیەتی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان”.
لەبارەی ئەوەی رۆژانە موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری هەولێر چەند کاتژمێر کاردەکەن، ئەندازیار قارەمان مەولوود گوتی: “لە سەرەتای ئەم مانگەوە (مانگی ئاب) مووەلیدەکانی سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری رۆژانە بە تێکرایی 13 بۆ 13.5 کاتژمێر کارەبایان بە هاووڵاتییان داوە، بەڵام دەشکرێت ئەم ژمارەیە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە، کەم یان زۆر ببێت”.
بڕیارەکەی وەزارەتی کارەبا بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک
رۆژی پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی جێبەجێکردنی داشکاندنی (15%)ی کرێ و قەرزی کارەبای بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرکرد.
بە پێی بڕیارەکەی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، داشکاندنەکە لە رۆژی پێنجشەممەوە 17ـی ئابی 2023، تا رۆژی پێنجشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2023، کاری پێ دەکرێت.
دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم
رۆژی پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەم “53 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی 302 ملیۆن دۆلار لە بواری گوستنەوەی کارەبادا ئەنجامدراون و نزیکەی سەدا 95ـیان کەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتییان”. لەبارەی دابەشکردنی کارەباش گوتی، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 262 پڕۆژە بە گوژمەی 162 ملیار دینار ئەنجامدراون و هەموویان کەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتییان.
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا پێوەری زیرەکی کارەبایان بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا و رێگەگرتنی لە بەهەدەردانی کارەبا دابینکردووە و، وەکو خۆی گوتی، سەدا 95ـی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە تەواوبوونە و سوودێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەبووە.
Hوێستگەکانی کارە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار و 300 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن. لەو ژمارەیە 75%ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، پێویستی بە زیاتر لە پێنج هەزار و 600 مێگاوات کارەبایە.