٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕی. پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشێت لە ناوچەکە وەک دێرینترین پارتی سیاسی بناسێنرێت کە تا ئەمڕۆ هەر بە زیندوێتی مابێتەوە و نشوست دوای نشوستی بەزاندبێ و پێگە جەماوەرییەکەشی لە دەست نەدابێت.
کورد و پارتی
کورد، وەک نەتەوەیەکی دێرین، لە مێژوودا باس و خواسی زۆر و جیاوازی لە بارەوە کراوە، هەر بۆیە لێرەدا ناتوانین بە چەند ڕستە و پەرەگرافێک خۆمان لەو بابەتە بدەین. بەڵام دەتوانین بڵێین دوای دابەشکاریی خاکی کوردان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق نەتەوەی کوردی کردەوە بە خاوەن شووناس و ناسنامە. ڕەنگە ئەگەر لەو قۆناغەدا پارتی بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی دانەمەزرابا، هەرگیز هەلومەرجێکی تر نەبوو کوردانی ئەم پارچەیە لە دەوری کوردایەتی و ڕێبازێکی کوردانە و مرۆڤ دۆستانە کۆ بکاتەوە. هەر بۆیە دامەزراندنی ئەو پارتە، بە هیچ شێوەیەک لە سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەوکاتی عێراقدا قبوڵ کراو نەبووە و ڕاستەوخۆ هەوڵی سەرکوتکردنی سەرکردایەتیی و ئەندام و لایەنگرانی دراوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، بەشیوەی جیاواز و بە پێی قۆناغەکان ئەو هەوڵە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە. ئەمە خۆی لە خۆیدا، بە سروشتی خۆی دۆخێکی دروست کردووە، کوردستانیان لە هەر دۆخێکدا هەست بە زوڵمێک بکەن چاویان دەخەنە سەر سیاسەت و زمان و دەست و مەچەکی سەرکردایەتیی پارتی تا سوکناییان بێت و پارێزگاری لە شکۆی کوردانەیان بکات. ئەمەش جیاوازی پارتیە لە هەموو ئەو حزب و پارتە سیاسیانەی لە قۆناغە جیاوازەکان سەریان هەڵداوە. واتە، هیچ حزب و پارتێکی سیاسی دیکە نەیتوانیووە بە ئەندازەی پارتی بەرپرسیارەتی مەسەلەی نەتەوەیی هەڵبگرێت و خۆی بە خاوەنی بزانێت یا ببێتە جێگای متمانەی کوردستانیان لە پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکاندا.
پارتی و ڕێبازی ئاشتی و پێکەوژیان
ئەگەرچی ساتی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، قۆناغێکی سەخت و دژوار بووە و ئاستی هۆشیاریی و تێگەیشتنی سیاسی لای خەڵکی کوردستان بەهۆی زەبروزەنگی چەندین ساڵەی دوژمنانییەوە لە ئاستێکی لاوازدا بووە و داواکردنی مافی نەتەوەیی هەر قەدەغە و یاساغ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی خاوەنی ڕێبازێکی مرۆڤدۆستانەی وابووە بڕوای بە مافی لاوازەکانیش هەبووە. تەنانەت ئامادەبوو بۆ مافی پێکهاتەکان و ئایینە جیاوازەکانیش خەبات بکات و ئەمەش وای کرد هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەوانەی بەدوای ئازادی و ئاشتی و پێکەوەژیاندا وێڵن. لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی پارتیدا زۆر وێستگە دەبینین مستەفا بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی بوونەتە داکۆکیکاری مافی ئایینی و نەتەوەیی ئەوانەی پارتی دەستی پێگەیشتوون و توانای یارمەتیدانیانی هەبووە. ئەم ڕێبازەش لەو سەردەمەدا هاوکارێکی باشی شۆڕشەکانی پارتی بووە و وایکردووە جگە لەوەی لەناوخۆی کوردستان متمانەی هەموو پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی بەدەست هێناوە، وڵاتانی جیهانیش درکیان بەوە کردووە و دەستی هاوکاریان بۆ درێژ کردووە. ئەم ڕیبازەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ڕەنگدانەوەی بەشێوەیەکە توندوتیژی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان بەروارد ناکرێت بە عێراق و ولاتانی ناوچەکەش.
پارتی لە کوردستان
دوای ڕاپەڕین و دروستکردنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پارتی پشکی شێری لەو دەستکەوتەدا هەبوو، سەرۆک بارزانی یەکەمین جاڕدەری ئەزموونی دیموکراسی و هەڵبژاردن بوو لەم هەرێمەدا. لەدوای ئەو مێژووە پڕ خەبات و سەروەرییە، هەرگیز لەناوخۆدا پارتی نەکەوتە ژێر کاریگەری قوربانیدانەکەی و هەنگاوی بۆ برایەتی و هاوبەشی پێکردنی هەموو پارتە سیاسییەکان هەڵێنا و دەستکەوتەکانی بەسەر هەموواندا دابەش کرد. بێگوێدانە بیری تەسکی حزبی و تەنانەت ئایدۆلۆجیش. پەراوێز نەخستنی هیچ لایەنێکی سیاسی وای کرد هەرێمی کوردستان، جۆرێک لە ئازادی و دیموکراسیی سیاسی باڵی بەسەردا بکێشێت و ببێتە جێگای بایەخی ولاتانی جیهان و ناوچەکەش، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە دژوارترین دۆخەوە بەرەو باشترین بڕوات. یەکێک لە قوربانیدانەکەکانی پارتی لە ناوخۆدا، ئەوە بووە، ئەگەرچی ساڵانێکە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا یەکەمی بێ ڕکابەرە و تەنانەت لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەیتوانی بە تەنیا خۆی لەگەڵ پێکهاتەکاندا حکوومەت پێک بهێنێت، بەڵام ئەوەی ڕەتکردەوە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی دیسانەوە هاوبەشی پێکردن و برابەشی لەگەڵ ئەو لایەنانە کرد کە ئارەزوویان دەکرد لەگەڵیدا بەشداریی پێکهێنانی حکوومەتدا بکەن. ئەوەی جێگای پرسیاریشە هەر ئەو لایەنانە لە دۆخە سەختەکانی حکومڕانیدا، خۆ لە بەرپرسیارییەتی دەشارنەوە و وەک هەمیشە پارتی و بەرپرسیارییەتی پێکەوە دەمێننەوە و بە تەنها سەختیەکان تێدەپەڕێنێت.
پارتی و نوێ بوونەوە
بە دەگمەن دەبینی حزبی سیاسیی، ئەوەندە کرانەوە بەخۆیەوە ببینێت تەنانەت هیچ هێڵێکی سووری نەبێت، جگە لە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد. بە تایبەت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە مۆدێل مۆدێلی حزبی تاکڕەو و چەقبەستووە لە چەند هێڵێکی دیاری کراودا. ئەوەی وای کردووە پارتی لەدوای هەر قۆناغێک و هەر نسکۆیەک بەهیزتر هەڵسێتەوە. پارتی، لەگەڵ تازەترین بنەما جیهانییەکانی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤدا هەڵدەکات و پەیڕە و پرۆگرامە حزبییەکەی کۆنگرە لە دوای کۆنگرە تۆکمەتر و ڕژدانەتر پێداگریی لەسەر نوێ بوونەوە و ئاپدەیت کردنەوەی دونیا بینی ئەو پارتە دەکات. ئەمەش وای کردووە پارتی لە عێراق و ناوچەکەدا ناوبانگێکی جیهانی هەبێت و ولاتانی جیهان بە شاند و کونسوڵگەرییەوە ڕۆژانە سەردانی بارەگا و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بکەن.
ئێستەی پارتی
هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پارتی، تەواوکەری بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بەوەی پێداگیری بکات لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی عێراقدا کراوە. هەوڵەکانی پارتی لە ناوخۆدا لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکە کە دووبارە قورسایی و سەنگ بداتەوە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و جیهاندا، لە عێراقیش لە پێناو یەکڕیزی و یەکدەنگیی بەرامبەر حکوومەتی عێراق و دەستەبەر کردنی مافە دەستوورییەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە، لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەشدا ئەو دوو هەنگاوەی پارتی بە ڕوونی خراوەتە ڕوو کە دەڵێت: ئەمڕۆ هەلومەرجی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیار و پڕئەرکدا تێدەپەڕێ، کە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتیانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەکان ڕۆڵی شیاوی خۆیان ببینن بۆ بەهێزترکردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە داکۆکیمان لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات کردووە و لەو ڕووەوە هەوڵیشمان داوە تا هەڵبژاردن لە وادەی گونجاوی خۆیدا بکرێ، بۆیە پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمی ژمارە(٢٥٢)ی ساڵی(٢٠٢٣)ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بەدیارکردنی رۆژی(٢٥)ی شوباتی ساڵی(٢٠٢٤) وەک وادەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعییەت بۆ دامەزراوەكانی كوردستان نوێ دەكاتەوە به پێكهێنانی پهرلهمان و حكوومهتێكی تازه، تا بونیادنانی دهستوورێكی سهردهمی بۆ ههرێمی كوردستان كه حوكمڕانییهكی تۆكمهتری لێ بكهوێتهوه سەبارەت بە هەوڵەکانیشیان لەگەڵ عێراق، لە بەیاننەمەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەدا هاتووە: لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاکو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، هەموو هەوڵێک دراوە تا دانوستان لەگەڵ حكوومهتی فیدراڵ و لایهنه پێكهێنهرهكانی حكوومهت ڕێچکەی ڕاستی خۆی بگرێ و ڕێككهوتنهكانی هاوپهیمانی ئیدارهی دهوڵهت و كارنامهی حكوومهتی فیدراڵ جێبهجێ بكرێن .