به‌هۆی كۆچی دوایی ئەفسەرێكی سوپای فەرەنسا له ‌هه‌ولێر، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پرسه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرسه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ژیانئاوایی مێجەر باپتیست گۆشۆت ئەفسەر لە هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق خەمباری کردین، کە ئەمڕۆ 19ـی ئابی 2023، بە روداوی هاتووچۆ گیانی سپارد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌: هاوبەشی خەمی فەرماندەیی هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خانەوادەی کۆچکردووین، دووپاتیدەکەینەوە کە هاوبەشی و هەماهەنگیمان لەگەڵ سوپای فەرەنسا بەرز دەنرخێنین، بەتایبەت کە ئەوان بەردەوام هاوکاربوون بۆ سەرخستنی پرۆسە سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە.

درەنگانی شەوی رابردوو، 18ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: “سەربازێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، کاتێک خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەکدراەکانی عێراق”. هاوکات وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، سەربازێکی دیکەش لەو رووداوە هاتووچۆیەدا برینداربووە و لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئابی 2023؛ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: “لەگەڵ حکومەت و خەڵکی فەرەنسا بەشدارین لە ماتەمینی ڕائید باپتیست گۆشۆت، کە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک هەولێر گیانی لەدەستدا”