سەرۆك بارزانی لەگەڵ رێكخستنە حزبییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە

ئێوارەی رۆژی شەممە (19ـی ئابی 2023) لە شاری دهۆك، سەرۆك بارزانی لەگەڵ رێكخستنە حزبییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەمەڕ كێشەكانی هاووڵاتییان و ئاگاداربوون لە رەوشی رێكخستنە حزبییەكان و بەدواداچوونی ئەنجامەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی رێكخرابوو، سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر بارودۆخی حزب و بڕیارەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی و هەورەها بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و كۆسپەكان لە قۆناغی ئێستا و داهاتوو.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە بابەتی هەڵبژاردندا پارتی هەر لەدوای راپەڕین دەستپێشخەر بووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گواستنەوە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی دەستووری، جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە بەرەو هەڵبژاردن بچین و دەبێ پارتی متمانەی گەل بپارێزێت.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە هەر كەس و لایەنێك پەرۆشی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بێت هەرگیز كۆسپ بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست ناكات و دووپاتیكردەوە كە دەبێ لایەنە سیاسییەكان سەرباری جیاوازیی بۆچوونیان لەسەر هێڵە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان و پاراستنی قەوارەی هەرێم كۆك و هاوڕا بن.

هەروەها سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا رۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و كورتەیەكی لە مێژووی ئەو پەیوەندییە لە 20 ساڵی رابردوودا باس كرد و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ سەقامگیر بێت دەبێ هەموو لایەك رەچاوی پابەندبوون بە دەستوور و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق بكەن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی داوای كرد كە كار بۆ قووڵتركردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لەناو گەنجەكان و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لەمەڕ هەڕەشەكان و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم بكرێت.

دوای گوتەكەی سەرۆك بارزانی، دەرگای گفتوگۆ و پرسیار و رەخنە و تێبینیی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.