سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆی بۆ حکومەت و خەڵکی فەرەنسا، بۆ گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی سەربازییان لە عێراق دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ سەربازە بریندارەکەی دیکە دەخوازێت.
درەنگانی شەوی رابردوو، 18ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند
سەربازێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، کاتێک خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەکدراەکانی عێراق”. هاوکات وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، سەربازێکی دیکەش لەو رووداوە هاتووچۆیەدا برینداربووە و لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئابی 2023؛ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: “لەگەڵ حکومەت و خەڵکی فەرەنسا بەشدارین لە ماتەمینی ڕائید باپتیست گۆشۆت، کە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک هەولێر گیانی لەدەستدا”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: “لەم کاتە دڵتەزێنەدا، بیرمان لای خێزانەکەیەتی. هەروەها دوعای چاکبوونەوەی خێرا بۆ سەربازە بریندارەکەی دیکە دەکەین”.
دوای رووداوەکە، کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: “سەرۆکی وڵات (ئیمانوێل ماکرۆن) پشتیوانی خۆی بۆ گەل و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەسەر ویستی فەرەنسا بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن لەگەڵ عێراق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکان کە شەڕی تیرۆر (داعش) دەکەن”.
فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ بە درێژایی نۆ ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشق و راهێنانی پێ کردوون.
لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەزار و 100 سەرباز بەرزبووەوە.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، لە سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا زیاتر لە هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و بنکە سەربازییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 250 ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی تێکشکاندووە.
بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و تا ئێستاش دوو سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای ئەو وڵاتە سەردانی هەولێری کردووە.