لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار داوە و لەئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتە، ئەمەش وای کردووە گەشتیارێکی زۆر بێنە ھەرێمی کوردستان. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، بە مەبەستی نەھێشتنی قەرەباڵغی، میکانیزمی نوێ جێبەجێ دەکات.

بەھۆی جیاوازی پلەکانی گەرما، بەرقەراری ئاسایش و خزمەگوزاریی زیاتر، سەدان ھەزار گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەجۆرێک ھەندێکیان شوێنی مانەوەیان لە ھۆتێل و مۆتێلەکان دەست ناکەوێت و بەشێکیان ناچارن لەسەر شەقامەکان بخەون. ھەر ئەوەش وای کردووە ھەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بڕەخسێت چێشتخانە و ھۆتێڵەکان پڕبن لە گەشتیاران، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا وای کردووە کە ڕۆژبەڕۆژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
ھەرێمی کوردستان خاوەنی سرووشتێکی نایابە و چەندین ناوچەی گەشتیاری سەرنجڕاکێشی ھەیە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە و بەتایبەتی لە پشوو و بۆنەکاندا، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر سەردانی دەکەن، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە بە تەواوەتی سوود لەو سرووشتە نایابەی کوردستان وەربگیرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی داھاتی پشت پێ بەستوو بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەشتوگوزار خرایە ئەولەویەتی کارەکان لە پاڵ کشتوکاڵ و پیشەسازی، لە سەردەمی ئەم کابینەیە بۆ یەکەم جار گەشتوگوزار بووە خاوەن یاسای خۆی و ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت بۆ گەشتوگوزار تەرخانکرا، لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەت بە ئیمزای خۆی سەرجەم دامەزراوەکان و وەزارەتەکانی ڕاسپارد ھاوکاری دەستەی گەشتوکوزار بکەن بۆ ئەوەی پێش بخرێت.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: وەکو دەستەی گشتیی گەشتوگوزار پلانێکی ھەشت ساڵەمان داناوە، کۆمەڵێک تەوەری ستراتیجی لەخۆ دەگرێت، وەکو پڕۆژە، ژێرخانی گەشتوگوزار و پێشخستنی خزمەتگوزاری گەشتیاری، پلانەکە دەست پێکراوە بە ھەماھەنگی ھەموولایەک دەتوانین ئەو سێکتەرە بکەینە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھاتی ھەرێمی کوردستان.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە: چەندین پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجامدراون و حکوومەت ئاسانکاری کردووە بۆ زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاری و ھاتنی گەشتیاران و بەشداریمان لە چەندین کۆڕبەند کردووە، بۆیە دیدگەی حکوومەت بۆ کەرتی گەشتیاری وای کردووە ڕێژەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێم زیاد بێت، ھەر ئەوەش وای کردووە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە کامی کامل عەلی، گوتەبێژی دەروازی نێودەوڵەتیی سنووری ئیبراھیم خەلیل، ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل، بە مەبەستی نەھێشتنی قەرەباڵغی، میکانیزمێکی نوێ بۆ چوونی گەشتیاران بۆ تورکیا جێبەجێ دەکات.
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، گوتی: بەگوێرەی میکانیزمە نوێیەکە، دوو ڕێگەی نوێ بۆ چوونی گەشتیاران بۆ تورکیا دەکرێنەوە و نۆرەی ئەو گەشتیارانەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەردانی تورکیایان نەکردبێت، جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەو گەشتیارانەی ڕۆژانە ھاتووچۆی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ ھەر مەبەستێک بێت.
کامی کامل عەلی، دەشڵێ: جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە نوێیە، ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا بووە و لایەنی تورکیاش ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمە نوێیەکە دەربڕیوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە ٩ـی ئابی ٢٠٢٣، شاندێکی پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد. عوسمان بیلگین، پارێزگای شرناخ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، بەرنامەیەکی جیددیان بۆ چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم ھاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو قەرەباڵغییەی لەو دەروازەیە ھەیە کەم بکرێتەوە.
پارێزگاری شرناخ، ئاماژەی بەوەش کرد: دەبێت ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆی ئەو کەسانە بکرێت کە بە ‌مەبەستی نەخۆشی یان گەشتیاری یان ھەر بوارێکی دیکە سەردانی تورکیا دەکەن بەروارد بەو کەسانەی بۆ کاری بازرگانی لە ڕێگەی دەروازەکەوە سەردانی تورکیا دەکەن.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا گەیشتە سەرووی بیست ملیار دۆلار و ئامانجی نوێی تورکیا و عێراق ئەوەیە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە بگەیێننە پەنجا ملیار دۆلار، بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو، نزیکەی پێنج ھەزار و دوو سەد و چوار مۆڵەتی ھاوردەکردن دراوەتە بازرگانان و بە بەھای زیاتر لە پازدە ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار کاڵا ھاوردە کراوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت و بە سەرەکیترین دەروازەی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دادەنرێت. دەروازەکە جگە لە ھەرێمی کوردستان بۆ زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەلوپەلی جۆراوجۆری لێوە ھاوردە دەکرێت.