پڕۆژەى گەشتیاریی کۆڕنیشی دەلال لە زاخۆ زیاتر لە 11 ملیار دینارى تێچووە

ڕۆژى دووشەممە، ١٤ى ئابی ٢٠٢٣، پڕۆژەى گەشتیاریی کۆڕنیشی دەلال لە زاخۆ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەو پرۆژەیە بە درێژاییی ١٥٠٠ مەتر لە هەردوو دیوی ڕووبارى خابوور لە زاخۆ جێبەجێ کراوە. کە تێچووەکەى ١١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە؛ لە ناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژاییی ٧٣ مەتر و بەرزیی ٣.٥ مەتر دروست کراوە، کە تواناى گلدانەوەى ٢٥٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە. لە هەمانکاتدا ٧٠%ى ئەو پرۆژەیە سەوزاییە و ئەمەش سوودێکی باش بە ژینگەى ناوچەکە دەگەیەنێت.
لە گوتەیەکیدا لەو مەراسیمەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەمە تاكە پرۆژە نییە، بەڵكوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چەندین پرۆژەی دیكە لە کەرت و بوارە جۆراوجۆرەکاندا کراون، یان ئێستا لە جێبەجێکردندان. کە بە گشتی، زیاتر لە ١٧٠ پرۆژە بوون.”
گوتیشی: “ئێمە لە بەرنامەماندایە لە قۆناغی داهاتوودا، گەلێك پرۆژەی دیكەش جێبەجێ بکەین، یەكێک لەوانە دروستكردنی شەقامی ٦٠ مەترییە، هەروەها ئەو مزگێنییەشتان پێ دەدەین، كە ئێمە لە دروستكردنی كۆڕنیشی زاخۆ بەردەوام دەبین تا ڕووباری خابوور لە زاخۆ تەواو دەبێت.”
پرۆژەی گەشتیاریی کۆڕنیشی دەلال، پرۆژەیەکی ستراتیژیی ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆيه‌، کە پێشبینی دەکرێت، بەو هۆیەوە جووڵەى گەشتیارى و ئابووری و ئاوەدانی لە شارەکەدا زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و هاووڵاتییانی ناوچەکەش سوودی زیاتری لێ وەرگرن.