ئەژی ئەمین پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی لە بەرپرسانی حزبەکە دەکات و بە پێویستی دەزانێت، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا “بەرپرسیارانە” مامەڵە بکەن. دەشڵێت، “پشتکردن لە ئەزموونى هەرێمی کوردستان خیانەتکردنە لە مێژووى قوربانیدانى گەلى کورد”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئابی 2023، ئەژی ئەمین بەبۆنەی 77ـی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، جێگر و بەرپرسانی پارتی کردووە و دەڵێت، “لە ئێستادا زیاتر لە هەرکاتێکى دیکە هەڵوێستى نیشتمانپەروەرى و خزمەتکردنى گەل و نەتەوەکەمان ئەرکى لە پێشینەى هەموو هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانە بەدەر لە هەر بیرکردنەوەیەکى سیاسى”.
لەم ڕۆژانەدا وەکو ئەوەی ئەژی ئەمین باسی کردووە، “پشتکردن لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان، خیانەتکردنە لەمێژووى چەندین ساڵەى قوربانیدانى گەلى کورد و ئەو خەباتەى لەپێناو بەدیهێنانى ئەم ئەزموونەدا کراوە”.
ئەژی ئەمین بە پێویستی دەزانێت، هەموو لایەک لەم بارودۆخەدا “بەرپرسیارانە” مامەڵە بکەن و “نابێت ئەزموونى هەرێم بکرێتە قوربانى بەرژەوەندى شەخسى و پۆست و گیرفانى چەند کەسێک. “
ئەژی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەجت لەوە دەکاتەوە، “گەلەکەمان پێویستى بە خەباتى دڵسۆزانە و لێبڕوانەیە بۆ جێگیرکردنى دەستکەوتەکانمان و پاراستنى پێگە و ئەمنیەتى ئەزموونەکەمان. ئەمەش بە تەبایى سیاسى و نیشتمانیمان لەناوخۆ و بەغدا و لەسەر ئاستى ناوچەکە بەدیدەهێنرێت”.
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لە ساڵی 1946 بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی و بە هەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا.
لە 16ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی یەکەمین کۆنگرەی رێکخست و مەلا مستەفا بارزانی وەکو سەرۆک و رێبەری ئەو حزبە هەڵبژێردرا.
لە ساڵی 1961 بەهۆی ستەمی زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پاشگەزبوونەوەیان لە پێدانی مافەکانی گەلی کوردستان، پارتی بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی دا، کە ئەو کات بەشێکی زۆر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستەییدا دەیانناڵاند.
کوردستانیان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، تاوەکو ئێستا بەمتمانەی زۆرەوە پشتیوانیان لە پارتی کردووە و لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە کوردستان بەڕێوەچوون پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی یەکەم بووە.