‎ نێچیرڤان بارزانی:‎به‌رپرسياريه‌تيى پارتی مێژوويى و گه‌وره‌يه‌، بۆيه‌ ده‌بێ كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان و ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان

ئه‌مڕۆ 16ى ئاب، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ڕووداو و وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌ى چاره‌نووسساز له‌ مێژووى گه‌لى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ حه‌فتا و حه‌فت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتيمان پارتى ديموكراتى كوردستانه. له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود‌ بۆ گيانى پاكى دامه‌زرێنه‌ر و ڕێبه‌رى گه‌لى كوردستان بارزانيى نه‌مر و ته‌واوى شه‌هيدان و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ ده‌نێرين كه‌ خه‌باتيان كردووه‌ و له‌پێناو ئازاديى كوردستاندا گيانيان به‌خشى.

به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، له‌ خانه‌واده و كه‌سوكار‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ مه‌كته‌بى سياسى و كۆميته‌ى ناوه‌ندى و ته‌واوى ئۆرگانه‌كان و كاديران و ئه‌ندامان، له‌ ئافره‌تان و قوتابيان و لاوان و لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى و گه‌لى كوردستان به‌گشتى ده‌كه‌م. هيواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وام و سه‌رفرازى بۆ پارتيمان و بۆ هه‌موو لايه‌ك ده‌خوازم.
شانازييه‌ بۆ پارتى كه‌ دواى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ درێژه‌، هێشتا به گوڕوتينه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانى خه‌بات به‌رده‌وامه‌ و نوێنه‌رايه‌تيى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كات بۆ گه‌يشتن به‌ خه‌ون و ئامانجه‌كانى. پارتى چۆن حه‌فتا و حه‌فت ساڵ به‌رله‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك پێويستييه‌كى مێژوويى له‌ خه‌ون و خۆزگه‌ و ئامانجه‌كانى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ له‌ دايك بوو‌، ئه‌مڕۆش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێپه‌ڕاندنى ئاڵنگارييه‌كان و به‌ديهێنانى داهاتوويه‌كى باشتر، به‌ ئومێده‌وه‌ ڕێبه‌رايه‌تيى خه‌ڵكى كوردستان و ئامانجه‌ باڵاكانى ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هێنده‌ى مێژوو و گه‌وه‌ره‌يى و قوربانيدانى پارتى، ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى پارتيش مێژوويى و گه‌وره‌يه‌. بۆيه‌ ده‌بێ وه‌ك هه‌ميشه‌ ئه‌وپه‌ڕى ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى خۆى جێبه‌جێ بكات و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان و ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان، پارێزه‌ر و پێشه‌نگى ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن و هاريكارى بێت، ڕۆڵى كارا و كاريگه‌رى خۆى له‌ پاراستنى ئازادى و ديموكراسى و ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان و چه‌سپاندنى فيدراڵيدا بگێڕێت.
سڵاو له‌ هه‌موو پارتييه‌ك له‌ هه‌ر كوێ بێت، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ و ته‌واوى گه‌لى كوردستان ده‌خوازم.
نێچيرڤان بارزانى
16ى ئابى 2023