بە گوژمەی دوو سەد ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی چەند شەقامێكی شاری هەولێر خەرج دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێی فەرمانێكی وەزاری، ڕەزامەندیی پێشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی دوو سەد ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێك لە شاری هەولێر.
ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی (15%)ی داهاتی شارەوانییە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و لەسەر پلانی ساڵی 2023، فەرمانی وەزاری بۆ خەرجكردنی دەرچووە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێك لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێ، سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان بۆ زیاتر خزمەتكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر.