پێنج کۆمپانیای نەوت داوا دەکەن ڕێز لە جۆری گرێبەستەکانیان لە کوردستان بگیرێت

یەکێتیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کارکەر لە بواری نەوت و گازی کوردستان داوا دەکەن ڕێز لە جۆری گرێبەستەکانیان لە هەرێمی کوردستان کە گرێبەستی هاوبەشن بگیرێت. ڕەخنەش لە عێراق دەگرن کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بە گوێرەی پێویست گفتوگۆکانی بۆ هەناردەی نەوت بەرەوپێش ببات .

یەکێتیی پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەلێ : ئەو مافەی لە چوارچێوەی گرێبەستەکان هەیانە پێویستە بە پێی یاسا لەبەرچاو بگیرێت بەتایبەت بۆ چۆنیەتی کارکردن لە داهاتوودا لە بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق .
ئەندامانی ئەپیکور لە کۆمپانیاکانیDNOـی نەرویجی، گەنەل ئێنێرژی بەریتانی، گەڵف کیستۆنی بەریتانیا، HKNـی ئەمریکی و شامارانی کەنەدی پێکدێن لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا داوا لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، گفتوگۆکانیان بگەیەننە ئەنجام لەبارەی کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە داهاتوودا و دڵنیایی چۆنیەتی کارکردنیان؛ بەتایبەت کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیش مافەکانی ئەو کۆمپانیایانە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا ڕێکخراوە.
هەر هەموو کۆمپانیاکانی نێو ئەو یەکێتییە بازرگانی و پیشەسازییە دەڵێن: گرنگە داهاتووی کارکردنیان و پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت. هەروەها لە ڕەخساندنی هەلی کاری ئەو کۆمپانیایانە بۆ خەڵک، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی خەرجی و پەرەپێدان بۆ کارەکانیان، جگە لەوانەش جۆری ئەو گرێبەستانەی هەیانە کە گرێبەستی هاوبەشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان .
کۆمپانیاکان دەڵێن: ئەو گرێبەستانە زۆر سوودی هەیە بۆ وەبەرهێنانی وزە و جۆرێک لە ڕکابەری و بەرەوپێشبردنی کەرتەکە لە خۆدەگرێت و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بەو شێوەیە. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشە، هەرێمی کوردستان بەشی زۆری پشکەکانی کێڵگە نەوتییەکان خاوەنداریی دەکات. هەروەها دەڵێن: سەرکەوتنی ئەو جۆرەی گرێبەستەکان و ڕەنگدانەوەی لەسەر کەرتی نەوتی کوردستان بە ڕوونی دیارە.
کۆمپانیا نەوتییەکان دەڵێن: سەرەڕای هەموو ئاستەنگە سیاسی و ئاسایشی و جیۆلۆجییەکانی ناوچەکە، کۆمپانیاکان لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو توانیویانە پەرەپێدانی زۆر لە کێڵگە نەوتییەکان و بەرهەمی نەوتی کوردستان بکەن. هەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی ژێرخانێکی باشی نەوت و گازە، پەرەپێدانەکان لە هەردوو بواردا دەبێت هۆی ڕەخساندنی هەزاران هەلی کار لە هەرێمی کوردستان، ئەو سەرکەوتنەی لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا لەو کەرتە بەدی هاتووە، ئاسان نەبووە.. بە سەدان ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیاکانەوە وەبەرهێنان کراوە لە پڕۆژەکانی گەڕان و پەرەپێدان لە کێڵگە نەوتییەکاندا، یاسای بودجەی عێراقیش لە هەرێمی کوردستان دەخوازێت ڕۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت، بۆیە لە هەر کاتێک پێویستترە بەغدا هەوڵی جیدی بدات لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت .