وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جووتیارانی هەولێر ئاگادار دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ( 15ـی ئابی 2023)، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی راگەیاندراوێکدا جووتیارانی هەولێر ئاگاداردەکاتەوە، کە تێیدا هاتووە، ئەو جووتیارانەی گەنمیان رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە سبەی سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی 2023.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کەلە کارتی “بطاقە”  ژمارە  1 تاکو 696  دەست پێ دەکات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێویستە جووتیار کۆپی رەنگاو رەنگ “ملون”ـی ناسنامەی باری شارستانی و وەکالە لەگەڵ خۆی ببات. 

ئەمە لە کاتێکدایە، نەوزار شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاند، بڕی 58 ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی جووتیاران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کە بریتیە لە شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2023″.

روونیکردووەتەوە، بڕی پارەکە بۆ جووتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە:

سلێمانی/ 27 ملیار دینار

هەولێر/  18 ملیار دینار

دهۆک/ 13 ملیاردینار

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشکرد، پاش تەواوبوونی رێکارە کاگێڕی و داراییەکان دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت، بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکەیان بە سایلۆکان.

پێشتریش ، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بڕێکی دیکە لە  شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2023 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدابوو، پاش تەواوبونی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە بەم شێوەیەیە:

– سلێمانی/  پێنج ملیار دینار

– هەولێر/ سێ ملیار دینار

– دهۆک/ دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار

کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە بە گوێرەی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار دیاری کرابوو.