وەزیرى دارایی: “کاری باشمان بۆ کەرتی خوێندنی باڵا و ژێرخانی زانکۆ و پەیمانگاکان کردووە”

ڕۆژی دووشەممە، ١٤ ى ئابی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە نوێنەری سەرجەم خاوەن بڕوانامە باڵا دانەمەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کرد.  

لە دیدارێکدا کە ئارام عەبدولڵا، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئامادەی بوو، وەک هەمیشە پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: “وەک وەزارەتی دارایی و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجە، کاری پێویستمان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری ئەو مامۆستا و وانەبێژانە کردووە کە لە کەرتی خوێندنی باڵا وانە دەڵێنەوە و لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ڕاژە لە پەیوەندیی بەردەوامداین، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میلاکات و بە پێی ئەو تەرخانکراوەی لە بودجەی عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، جێگەیان بکرێتەوە.”

گوتیشی: “لەم کابینەیە کاری ڕژد و باشمان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا و بەهێزکردنی ژێرخانی زانکۆ و پەیمانگاکان کردووە و بەردەوامیش دەبین.” 

نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە باڵا دانەمەزراوەکان، دەستخۆشییان لە وەزیری دارایی کرد کە بەردەوام پشتیوانیی داواکاریەکانیان بووە و وەک نوێنەرێکی خۆیان لە ئەنجومەنی وەزیران بەرگری لە مافەکانیان کردووە، هیواشیان خواست بە زووترین کات لە لایەن ئەنجومەنی ڕاژە و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری دامەزراندنیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”