نوێنەرى نوێی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەستبەکاردەبێت

بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان فەرمانى دامەزراندنى رادەستى نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی ئابی 2023، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان فەرمانى دامەزراندنى وەک نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا رادەستى دارەوان حامید غەفار کرد.

لە رێوڕەسمەکەدا، کە دابان شەدەڵە، جێگرى بەرپرسى فەرمانگەش ئامادەیبوو، سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە گوتى، “لەچوارچێوەى ئەو گۆڕانکاریانەى بۆ زیاتر پێشخستنى ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکرێت، ئەمڕۆ دارەوان حامید، ئەرکى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى لە ئیسپانیا پێسپێردرا.”

سەفین دزەیی وێرانی پیرۆزباییکردن لە نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا؛ هیواشی خواست لە ئەرکەکەى لە پێناو بەرژەوەندییەکانى گەلى کوردستان سەرکەوتووبێت. هاوکات پشتگیرى تەواوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خستەڕوو بۆ سەرخستنى کارەکانى لە وڵاتى ئیسپانیا.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتی لە وڵاتی جیاجیای جیهان هەیە و، “نیازمان وایە ئەگەر برەخسێت و بگونجێت، لە چەند وڵاتێکی دیکەش نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەینەوە، بەتایبەت لە چەند وڵاتێکی عەرەبی”.