8 لیوای پێشمەرگە یەکخراونەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بۆ کوردستانێکی بەهێزتر، بڕیاری یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، لە دواهەنگاویشدا و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سێ لیوای دیکەی نوێ دروستکران و خراونەتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەو سێ لیوایەی لەم دوایەدا پێکهێنراون پێکهاتوون لە لیواکانی 26، 28 و 30، ژمارەیان 5 هەزار و 400 ئەفسەر و پێشمەرگەیە لە هێزەکانی یەکەی 70 دروستکراون، ئێستا لە ژێر سەرپەرشتیی فیرقەی دووی سەرۆکایەتیی ئەرکان کۆ کراونەتەوە.

لەبارەی دۆخی هێزەكانی دەرەوەی وەزارەت و هێنان و رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان، لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: “هەر لە سەرەتای دەستپێكی كابینەی نۆیەم و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاریی تیمی هاوپەیمانان، چاكسازییەكان بۆ هێزەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تیمێكی نوێوە دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەر لە ماوەی ئەم كابینەیەشدا، لیواكانی (15، 17، 18، 19، 21، 22، 23، 24، 26، 30)، هەروەها هەردوو لیوای 25 و 27، لەناو پرۆسەكەدان و ئەوانیش90%ـی كارەكانیان تەواو بووە و بەم نزیكانە دەخرێنە سەر میلاكی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە”.

پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو چاكسازییانەیە کە بەڕێوە دەچن، لەبارەی رێكارەكانی ئەو پرۆسەیە، لیوا حیکمەت عومەر، ئاماژەی بەوەشكردووە: “بەپێی رێنماییە سەربازییەكان و بەپێی یاسای ژمارە 38ـی چاكسازی، ئێمە لە رێگەی لیژنەكانەوە، چاوپێكەوتن لەگەڵ تەواوی ئەو هێزانە دەكەین كە دەگوازرێنەوە سەر میلاكی وەزارەت، هەروەها ئەوانەی مامەڵەی خانەنشینییان بۆ دەكرێت جیا دەكرێنەوە، هاوكات ئەوانەش پۆلێن دەكرێن كە بریندار یان پەككەوتوون و دەنێردرێن بۆ لیژنەی پزیشكی و بە هەمان شێوە لە یەكەكانی خۆیان مامەڵەی پەككەوتەیی یان بریندارییان بۆ دەكرێت، ئەوانەی شیاوی خزمەتكردنی سەربازیشن، رێكدەخرێن و دەگوازرێنەوە سەر میلاكی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، هەر بۆیە تەواوكردنی پرۆسەكە كاتی پێویستە.”

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم، هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە. تا ئێستا 28 لیوا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەت پێکهێنراون، پرۆسەكە لە ژێر سەرپەرشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە، تا دوو بۆ سێ ساڵی تر لە تەواوی هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.