ئەم پڕۆژانە لە بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی 101ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لە سنووری قەزای بەردەڕەش و ئێستا پڕۆژەکان لە بواری تەندەرین دان بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەرێوبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش، بۆتان شەمسەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕەزامەندی داوە، دوای هەوڵ و پێداگیری بەردەوامی قایمقامی قەزای بەردەڕەش و هاوکاری دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە لە قەزای بەردەڕەش بە گوژمەی 101ملیار دینار. 
بۆتان شەمسەدین گوتیشی: ئەو پِڕۆژانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر داوە بریتین لە دروستکردنی جووت سایدی (ئامیان _ بەردەڕەش _ کەلەک) و دروستکردنی ئۆڤەرپاسی چوارڕێیانی ئامیان  و دروستکردنی سایدی کۆنی (ڕوڤیا _ بەردەڕەش)
شەمسەدین باسی لەوەشکرد: پڕۆژەکان ئێستا لە تەندەرینە و لە بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک، لەماوەیەکی نزیکدا کارەکانی تەواو دەبێت و ڕەوانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ جێبەجێکردن .
ئیسماعیل مستەفا ڕەشیدی قایمقامی بەردەڕەشیش سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕەزامەندی دانی لەسەر ئەو پڕۆژانە کە خزمەتێکی زۆری سنوورەکە دەکەن، هاوکات سوپاسی  دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆکیشی کرد چونکە بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە.