هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی پڕۆژەی کۆرنیشی دەلال: بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری “کۆرنیشی دەلال” لە زاخۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: “بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. خوشک و برایانی ئازیز و ئامادەبووانی بەڕێز زۆر بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم لەم رێوڕەسمەدا بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و جوان، کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا جێبەجێکراوە. پیرۆزبایی لە ئێوە، خەڵکی زاخۆ و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، هیوادارم هەمووتان سوودی لێ ببینن و ببێتە جێگەی رەزامەندی هەمووتان”.

گوتیشی: “سوپاسی کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم و، سوپاسی خەڵکی زاخۆ دەکەم بۆ هاوکاری و  ئارامگرتنیان. هیوادارم رۆژ بە رۆژ پڕۆژەی لە زاخۆ و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامبدرێن. جێگەی دڵخۆشییە بۆ من کە دەبینم، پێشتر چەند بەڵێنێک دەدەین و دواتر دێم، دەبینم بەڵێنەکانمان جێبەجێکراون. ئەو بەڵێنانەی پێمان داون بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە، بەرهەمیان هەبووە و ئێمە بەشداربووین لە کردنەوەی ئەم پڕۆژانە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “ئەم پڕۆژەیە (کۆرنیشی زاخۆ) تاکە پڕۆژە نییە لە زاخۆ ئەنجامدەدرێت و چەندین پڕۆژە تا ئێستا لە زاخۆ جێبەجێکراون، وەکو کردنەوەی پڕۆژەی رێگاوبان و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە|.