سەرۆکوەزیران لە دهۆک گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک دەگرێت

ئەمڕۆ دووشەممە 14/8/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی خەڵکی کۆمەڵێک گەڕەکی ناو شاری دهۆک گرت.

یەکێک لەو گەڕەکانەی دهۆک کە سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد، گەڕەکی ماڵتا بوو، لەگەڵ چین و توێژەکانی گەڕەکی ماڵتا کۆبووەوە و بە خەڵکی گەڕەكەکەی گوت: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتووم سەردانتان بکەم، ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حکومەت لە خزمەت گەڕەکە هەژار نشینەکاندا دەبین”.

یەکێک لە داواکارییەکانی گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک چاککردنی رێگاوبانی گەڕەکەکەیان بوو، سەرۆکی حکومەت بەڵێنی پێدان کە تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

هاووڵاتییەک لە دهۆک لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بە کوردستان24ی گوت: “راستە ئێمە کەموکوڕیمان هەبووە لە رووی خزمەتگوزارییەوە، سەرۆکی حکومەت هاتە بەردەگای ماڵەکەمان و گوێی لێمان گرت، ئێمە هەموو گلەیی و داواکارییەکانمان بە سەرۆکی حکومەت راگەیاند، زۆر سوپاسگوزارین و دڵخۆش بووین بە هاتنی بۆ لامان، دڵنیاین هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن”.

سەرۆکی حکومەت لەو سەردانەیدا بۆ ناو شاری دهۆک لەگەڵ هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکەکانی بەڕۆشکێ، رەزا و ماڵتا کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانیان گرت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری دهۆکی راسپارد هەرچی پێویستە بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکانی دهۆک بکرێت.

هەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات و چەند گەڕەک و ناوچەیەکی زاخۆ بەسەر بکاتەوە.

مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ لە زاخۆ پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ دەکاتەوە کە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و گرنگەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.