ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکەن

بۆ ماوەی مانگێک نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژ کرایەوە، کە بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ لەلایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقەوە بکرێت.

دوای دەستنیشانکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێشوازیی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکە، لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە پرۆسەکە نیشان دا. وڵاتانی جیھانیش بەگەرمی پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان دەکەن و داوا لە لایەنەکان دەکەن بەیەکەوە ھەڵبژاردن سەربخەن.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسیی گشتی و ١١ کورسیی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێک ھاتووە.
شێوازی ھەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە، بە دەنگدانی نھێنی ڕاستەوخۆ بە گوێرەی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و ھەر لیستێکی ھەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە ٣٠% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵە.
لەبارەی کورسی کۆتاکانیش، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، کە پاڵێوراوانی ئەو پێکھاتانە لەسەر کورسی تەرخانکراو کێبڕکێ دەکەن. لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکھاتەکان کراوە تورکمان، کلد-ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتیین لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی ھەیە.
ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا ڕوونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ھەڵبژێردراو دەست پێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: بە نووسراوی فەرمی ھەر سێ لقی پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک لە درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ١٢ـی ئەیلوولی داھاتوو ئاگادارکردووەتەوە.
لەبارەی ھۆی درێژکردنەوەی ماوەکەش، گوتی: تاوەکو زۆرترین ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان بتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن و زۆرترین کارتی بایۆمەتری بۆ ئەو کەسانە بکرێت، کە مافی دەنگدانیان ھەیە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوەش کرد درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنیا پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، چونکە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە پێشە.
ئەمە لە کاتێکدایەسەرەتای ئەم مانگە دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە و سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکردنی ڕێکارە پێویستەکان.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە ھەندێک لە ڕێکارەکان پێویستی بە ٩٠ ڕۆژە بۆ ئەوەش دڵنیاییمان وەرگرتووە کە ماوەی یاسایی کارکردنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بەڵێنێک وەرگیراوە بەشێوەی یاسایی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دوای ڕاگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لە ناوخۆ و دەرەوە پێشوازی لەو ھەنگاوە کرا و بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەو وادەیە بە ڕاوێژ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بووە و ھەمووانیش پابەندی خۆیان نیشان داوە. ھاوکات ھەریەکە لە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ھۆڵەندا، یەکێتی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.
ھاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر و ئێستەش بە ئاشکرا بە لایەنەکانی ڕاگەیاندووە ئامادەن بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئێستەش کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان مەرسووم دەرچووە کە ھەڵبژاردن ٢٥-٢- ٢٠٢٤ بکرێت، وەکو پارتی پێشوازی لەو وادەیە دەکەین.
گوتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە، بۆیە ھیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی ھەڵبژاردن نییە، دەبێت ھەڵبژاردن لە یەکلایکردنەوەی کێبڕکێکان سەنگی مەحەک بێت، بەتایبەتی لە گواستنەوەی دەستەڵات، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە، کە دەبێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، دەشڵێ: پڕۆژەمان ھەبوو بۆ کردنی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام دواجار بە ناچاری و لەپێناو پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بژاردەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان پەسەند کرد.