جێبه‌جێكردنی پڕۆژه خزمەتگوزارییەکان‌ ئومێدی زۆری لای هاووڵاتیان دروست کردووە

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاروشارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراون، جێبه‌جێكردنی ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ كوردستان به‌جۆرێكه‌، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوو دا، هه‌موو ڕۆژێك زیادتر له‌ دوو پڕۆژه‌‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراون.

له ‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ گوژمه‌ی دوو ملیار و سه‌د و شه‌ست و سێ ملیۆن دینار، پڕۆژه‌ی دوو سایدی كۆنی هه‌ولێر-كه‌ركوك، ته‌واوكرا و خرایه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر‌.
پڕۆژه‌كه‌، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌ی هه‌ولێر و به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، شه‌قامی دووسایدی كۆنی هه‌ولێر- كه‌ركوك، له‌ نێوان شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری و ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر، به‌ درێژایی دوو هه‌زار و دوو سه‌د مه‌تر، له‌گه‌ڵ ئاوه‌ڕۆكه‌ی ته‌واو كرا و به‌ ڕووی شۆفێراندا كرایه‌وه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانی شاره‌وانی و كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر هاتوچۆی هاووڵاتیان هه‌یه‌.
هه‌ر له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوو دا، زیادتر له‌ دوو ملیار و نیو ملیۆن دینار بۆ دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگواری دی، له‌ شاری هه‌ولێر خه‌رج كرا.
به‌پێی دوو فه‌رمانی وه‌زاری، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ڕه‌زامه‌ندیی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی دوو ملیار و پێنج سه‌د و نۆ ملیۆن و سه‌د و نه‌وه‌ت و سێ هه‌زار دینار، بۆ دروستكردنی پارك و ته‌واوكردنی بڕگه‌ی ماوه‌ له‌ شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر.

ئه‌و گوژمه‌یه‌ی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ ته‌رخانكراوه‌، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌ویی ڕوكنی شاره‌وانی له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌، كه‌ به‌پێی ڕێنمایی دارایی تایبه‌ت به‌ داهات، فه‌رمانی وه‌زاری بۆ ده‌ركراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێكهاتوو له‌ دروستكردنی پاركێك له‌ گه‌ڕه‌كی ژیان و دروستكردنی بڕگه‌ی ماوه‌ له‌ لووپ و ڕه‌مپه‌ و به‌شێك له‌ شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری له‌ چوارڕیانی مه‌خموور.
له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان دا، شه‌قامی دووسایدی جووتیاران له‌ شاری كه‌لار له‌ ته‌واوبووندایه‌.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی حكووه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی كه‌لاره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیی جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت، كه‌ گوژمه‌كه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانه‌ بڕگه‌كانی له‌ ڕۆنانی شۆسته‌ و ئاوه‌ڕۆ و ئاوه‌ڕۆی ماڵان و باراناو و دروستكردنی ناوه‌ندی شه‌قام و قیرتاوكردن پێكهاتوون.
جگه‌ له‌و پڕۆژانه‌، له‌سه‌ر بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك، قۆناغی دووه‌می پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قام و دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدان له‌ سنووری شاره‌وانیی سێمێل جێبه‌جێكرا.
هه‌ر له‌و حه‌فته‌یه‌دا، له‌سه‌ر بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و سه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن دینار، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی شیلادزێ و سیریێ جێبه‌جێكران.
به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری دانیشتوانی شاری هه‌ولێر، سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێڕ و كارگه‌ی قیری شاره‌وانی به‌رده‌وامن له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی شاری هه‌ولێر.
له‌و هه‌ڵمه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی شاری هه‌ولێر، كه‌ شاره‌وانی ده‌ستی داوه‌تێ، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانیی سێ و چوار و پێنج و شه‌ش، چاككردنه‌وه‌ی چاڵ و شكستی چه‌ندان شه‌قام له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كه‌رتی هه‌زاری و گه‌ڕه‌كی كوردستان نزیك نه‌خۆشخانه‌ی سه‌رده‌م و شه‌قامی فولكه‌ی زراعه‌ و هتد.. به‌ڕێوه‌بردووه‌ و به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانیان.