مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتی پێشوو و نوێی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كۆبووه‌وه‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد کە لە جەنەڕال ماتیۆ ماکفەرلین و جەنەرال جۆول ڤاول فەرماندەی گشتیی پێشوو و نوێی هاوپەیمانان پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی جەنەرال ماکفەرلینی کرد بۆ هەوڵ و خزمەتەکانی لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جەنەرال ڤاول کرد و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکوومەتی هەريمی کوردستانی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ دەربڕی.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەردەوامبووانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و  نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.