ئەوەی ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، پێشمەرگە بوو

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نۆ ساڵ بەسەر یەکەم تێکشکاندنی ئەفسانەی داعشدا تێ دەپەڕێت، کە لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش تێک شکێندرا، ئەمە لە کاتێکدا بوو چەکدارانی داعش ھێڕشی فراوانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەست پێ کردبوو. ھێڕشەکەی داعش گەیشتبووە نزیک شاری ھەولێر. بەرپرسی میحوەری شەشی ھێزی پێشمەرگە، دەڵێت: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی توانییان ئەفسانەی داعش تێک بشکێنن.

ھێزەکانی پێشمەرگە لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا پلانی سەربازییان دانا بۆ ئازادکردنەوەی مەخموور، ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری مەخموور جێگیرکران و لە کاتی دیارکراودا ھێڕشیان کردە سەر تیرۆریستان و توانییان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مەخموور ئازاد بکەن. ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش پیلانی بوو دوای داگیرکردنی مەخموور پێشڕەوی بکات بەرەو شاری ھەولێر و قەبارەی ھێڕشەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکات، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێگری لە ھێڕشەکانی داعش کرد. دوای ئازادکردنەوەی مەخمووریش ھێزەکانی پێشمەرگە سەنگەری تۆکمەیان دانا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان. بێگومان لە سنووری مەخموور داعش زیانێکی زۆری بەرکەوت و بە درێژایی ساڵانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش ژمارەیەکی بەرچاوی تیرۆرست لەو سنوورە کوژران.
لە گوێر ھێرشی داعش ڕاگیرا، داعش بە پێشکەوتووترین چەک ھێرشی دەکردە سەر ھێزی پێشمەرگە، ڕۆژەکە زۆر سەخت بوو تاکە ئامانجی ھێزی پێشمەرگە پاراستنی ھەرێمی کوردستان بوو لە داعش و ئازادکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان بوو.
ئێستە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆشایەکی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە، داعش ئەو بۆشایە ئەمنییە دەقۆزێتەوە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و ھێڕش کردنە سەر ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام پێشمەرگە شەو و ڕۆژی کردۆتە یەک و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکات.
ھێزی پێشمەرگە لە نزیکترین خاڵ کە نزیک بوو لە ھەولێر داعشی تێکشکاند و ئاڵای داعشی ھێنایە خوارەوە، ئەوەش بووە ڕەمزی تێکشکاندنی داعش لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە. عەلی چەمچەماڵی، جێگری فەرماندەی ٥٠ی گەرمیانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەڵێت: ھێزی پێشمەرگە شەڕێکی قارەمانانەی کرد بە دوای داعش کەوت تا ناو گوێر، ئەو کات سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە ھێزی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند، دوژمن بەرامبەر بە ھێزی پێشمەرگە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت.
ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە، دەشڵێ: لەو ھێڕشەدا، ھێزی پێشمەرگە بێ زیان بوو، ئەمە لە کاتێکدایە لەناو گەڕەکەکانی گوێر پێشمەرگە شەڕی دەستە و یەخەی دەکرد، ئەو کات جیھان ترسی لە داعش ھەبوو، ھێزی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی ھەموو جیھان شەڕی کرد و مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان و جیھانی کەم کردەوە.
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی ھێزی پێشمەرگە، گوتی: بەرەبایەنی ٧ـی ئابی ٢٠١٤ یەکەم ڕۆژی ڕاگرتنی ئەفسانەی داعش بوو لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی پێشمەرگە توانی پێشرەوییەکانی داعش بوەستێنێت و سەرەتا چەند گوندێکی بچووک ئازادکران، دواتر گوێر و مەخموور ئازاد کران، لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو داعش تێکشکا.
بەرپرسی میحوەری شەشی ھێزی پێشمەرگە، گوتیشی: ئەو کاتەی ئەفسانەی داعش شاری مووسڵی داگیر کرد، فیرقەی ھەشتی سوپای عێراق بەو ھەموو چەکە پیشکەوتووانەی کە ھەیان بوو بەرگەی کاتژمێرێکی داعشیان نەگرت و تێکشکان، دواتر شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکران، داعش نزیکبوو لە سنووری ھەرێمی کوردستان تەنانەت بیست و پێنج کیلۆمەتر لە ھەولێر دوور بوو.
بەرپرسی میحوەری شەشی ھێزی پێشمەرگە، ئاشکراشی کرد: پێشمەرگەی کوردستان بوو کە کوردستانی پاراست و نەیھێشت بکەوێتە ژێر دەستی داعش، ھەروەھا خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئازادکران شاھێدن کە کێ داعشی تێکشکاندووە و کێ لە سەنگەر بووە، ھەموو ھێزی پێشمەرگە بەشداربوونە لە تێکشکاندنی داعش، لە ئێستەدا ناوی پێشمەرگە زۆر بەرزە لە جیھاندا، تا ئێستەش ئاڵای ھیچ پارتێک لە میحوەرەکان ھەڵنەدراوە جگە لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان.