پێشمەرگە بووەتە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیریی ناوچەکە و دابینکردنی بەشێک لە ئاسایشی جیهان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ماوەی ڕابردوودا زانیاریی جیاواز لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە دەربارەی بەردەوامبوون یان بەردەوام نەبوونی پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا لەو هێزە و دواین هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە یەکێک بووە لە مژارە گرنگەکانی میدیاکانی کوردستان. مێژوو و پێگەی پێشمەرگە و ڕۆڵی ئەو هێزە لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کۆمەڵێک ئەرکی تر کە پەیوەندیدارن بە ئاسایش و پێکەوەژیان، وایکردووە ئەمەریکا بە ئاسانی دەستی لە پێشمەرگە بەرنەبێت و هەموو هەوڵێک بدات تا ئەو هێزە بە دامەزراوەیی بکات. یەکێک لە گرنگترین ئەو ئامانجەی کە بە تایبەتی دوای یەکخستنی هەر دوو ئێدارەی هەولێر و سلێمانی، کاتی خۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەری ڕێککەوتبوون، ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە لە حزب داماڵن و بیکەنە هێزێکی دامەزراوەیی و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکیان بخەن. لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەنگاوی جیاواز لەو پێناوەدا هەڵهێنراوە و چەندان لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراون کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون. لەگەڵ ئەمە کەم نەبوون ئەو هێزانەش کە هێشتا ڕاستەوخۆ فەرمان لە حزب وەردەگرن و لە دەرەوەی فەرمانی وەزارەت کار دەکەن. بە پێی ئەو پلانەی کە دانرابوو دەبوایە تا ئێستا هیچ هێزێک نەمابا کە لە دەرەوەی دامەزراوەکانی حکوومەت کار بکەن بەڵام ئەمە بەدی نەهاتووە و زیانەکانی جێبەجێنەکردنی ئەو پلانەش تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بووە و لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەست پێ کراون. نموونەی حاشاهەڵنەگر ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ەیە و ئەگەر سەرجەم هێزە مەیدانییەکان ئەو کاتە لە ژێر فەرمانی کەسێکدا جووڵەیان پێکرابا و فەرمانیان وەرگرتبا ڕەنگە هەرگیز ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دواتر بەسەر هەرێمی کوردستان نەهاتبان. هێزی پێشمەرگە ئەو هێزە بووە بەدەر لە پێگە مێژووییەکەی و ئەو خەباتەی لە چیا لە پێناوی ڕزگاریی گەلی کوردا کردوویەتی لانی کەم لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ڕۆڵەکەی وەک هێزێکی یاسایی کە لە دەستووری عێراق ئاماژە بە ناوەکەی کراوە زیاتر بەدیار کەوتووە. ئاشکرایە هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی کاریگەری لە ڕووخانی رژێمی بەعسدا گێڕا و پاشان ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبوو لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و ئارامیی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و هاوکارێکی باش بوو بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە سنووری مادەی ١٤٠ و تەنانەت پارێزگاکانی تری عێراق. لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش سەری هەڵدا، ڕۆڵ و پێگەی پێشمەرگە بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بوو و بە پراکتیکی وڵاتان بۆیان دەرکەوت پێشمەرگە چەندە هێزێکی کاریگەرە و بۆیەش هەر زوو کردیانە بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر. هێزی پێشمەرگە لەو شەڕەی کە بۆ چەندان ساڵ بەردەوام بوو و دەیان وڵات تێیدا بەشدار بوون رۆڵی سەرەکیی لە گۆڕەپانەکەدا گێڕا و لەسەر دەستی پێشمەرگە داعش تێکشکێنرا و هەر ئەوەش ورەی هێزەکانی تری بەرانبەر داعش بەرز کردەوە. وڵاتان لە ئاستی سەرۆک کۆمار و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە دەستە بە دەستە سەردانی کوردستانیان کرد و ڕێزیان لە پێشمەرگە گرت و تا ئەم ساتەش ڕاهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پێشمەرگە بەردەوامە و تەنانەت ئەمەریکا چەندان ساڵە مانگانە بودجەیەکیشی بۆ تەرخان کردوون. لە چەند هەفتەی ڕابردوو گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دواین هەنگاوەکان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە زیاتر بوون و هەموو ئەوانەش دەری دەخات هێزی پێشمەرگە بایەخ و پێگە و تواناکانی زۆر لەوە زیاترە کە تەنانەت لە کوردستانیش هەستی پێ دەکەین. لە چەند ڕۆژی رابردووشدا پێنتاگۆن پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردووتەوە و تەنانەت پێی باش بووە زیاتر ئاوڕیان لێ بدرێتەوە بۆ ئەوەی تۆکمەتر لە جاران لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بن. هێزی پێشمەرگە بووەتە فاکتەرێکی گرنگی دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە و هێزێکی کاریگەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەوڵەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی لە قازانجی هەرێمی کوردستاندایە و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش پێیان خۆشە کۆتایی بە دەسەڵاتی حزب بەسەر پێشمەرگەدا بهێنرێت و پێشمەرگەی سەرجەم حزبەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بە تایبەتی، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە وەک هێزێکی دامەزراوەیی و نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری عێراقیشدا دانی پێدا نراوە درێژە بە ڕۆڵی خۆیان بدەن.