سوپای عێراق روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو دژە فڕۆکانە بڵاوکردەوە کە لە بەغدا بینراون

دوای بڵاو بوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆییەک لە سۆشیاڵ میدیا، مشتومڕیان لە عێراقدا دروستکرد، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە سوپای عێراق رایگەیاند، مەبەست لە دانانی دژە فڕۆکە لەسەر یەکێک لە باڵەخانەکانی بەغدا بۆ مانۆڕ و راهێنان بووە.

تەحسین ئەلخەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە سوپای عێراق بە حورەی راگەیاند، بابەتەکە بەو وێنەیە نیە کە وەک لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، کە وا نیشان دەدات مەترسی هەبێت یاخود ئامادەکاری بۆ رووداوێکی ئەمنی دەکرێت.

خەفاجی گوتیشی: “ئۆپەراسیۆنەکە تاقیکاری بووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سیستەمی سەربازیدا بۆ چالاککردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە داهاتوودا”.

گوتەبێژەکە روونیشیکردەوە، “یەکەکانی دژە فڕۆکە تەنها لەسەر یەک باڵەخانە لە غەزالیە دانراون، ئەمەش دوای وەرگرتنی رەزامەندی بووە، بەر لەوەی بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکە”.

سۆشیال میدیا و هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی عێراقی، گرتە ڤیدیۆییەکانی دامەزراندنی دژە فڕۆکەیان لەسەر بینایەک لە ناوچەی غەزالییە لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوکردەوە.

ئەم بابەتە مشتومڕێکی زۆری لەنێو عێراقییەکان دروستکرد، هەروەها باس لە هۆشداریدان لە مەترسییە ئەمنییەکان کراوە لەو دەزگا راگەیەندنانەدا.