دژوار فایەق: ئەگەر پێشنیارەکانم جێبەجێ بکرێت قۆناغی یەکەمی ماددەی 140 تەواو دەبێت

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی 140 لە عێراق گوتی: بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140و قەرەبووکردنەوە دووپێشنیارمان کردووە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کردنی ماددەی 140 تەواو دەبێت کە قەرەبووکردنەوەیە، چونکە تا قەرەبووکردنەوە تەواو نەبێت ناتواندرێت دوو قۆناغەکەی دیکە جێبەجێ بکرێت، بەو پارەیەی حکوومەتی عێراقیش تەرخانی کردووە 20 ساڵی دیکە قەرەبووکردنەوە تەواو نابێت.

دژوار فایق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی 140 لە عێراق و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ماددەی 140، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق 100ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوی ماددەی 140 داندرابوو، بەڵام داوامان کرد زیادبکرێت، دواتر لەگەڵ پەرلەمان قسەمان کرد باسیان لەوەکرد 100ملیار دیناری دیکەش زیادکراوە و بووەتە 200ملیار دینار، بەڵام بەمەش 20ساڵی دیکەی دەوێت تا پرۆسەی قەرەبووکردنەوە تەواو بێت، بۆیەپارەیەکی زیاتری پێویستە.
دژوار فایق گوتیشی: جێبەجێکردنی ماددەی 140پێویستی بە سێ قۆناغ هەیە، قەرەبووکردنەوە تەواوبێت دواتر قۆناغەکانی دیکە دەستپێبکات، بۆیە پێشنیارمان کردووە، بودجەی قەرەبووکردنەوە زیادبکرێت یاخود زەوی لەجیاتی پارە بە خەڵک بدرێت، چونکە زیاتر لە 400هەزار کەس ماوە قەرەبوو بکرێتەوە، بۆیە باسیان لەوە کردووە کار لەسەر ئەو پێشنیارانە دەکەن، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەوکات خەڵک قەرەبوو دەکرێتەوە دواتریش قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە و سەرژمێری دەکرێت، بۆیە هیوادارین ئەو پێشنیارانە لەبەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت ماددەی 140جێبەجێ بکرێت.