بەداخەوە ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حیزبیی و کەسییەکان، ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە لە کاتێکدا پێویستە دەزگای ئەمنییەکان کە دەزگای فەرمیی حکومەتن، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نشتیمان و سەروماڵی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەو ژیان و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بێت و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسی و بە مەبەستی تایبەت بڵاو بکەنەوە، لەو ڕوانگەیەوە ڕایدەگەیەنین کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن پێویستە ڕادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن تا دادگا ڕێکاری یاسایی خۆی بەرامبەریان بگرێتە بەر.
بەپێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاریی دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر و کوشتن و ڕفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان ڕوو لە زیادبوون بکات و کۆمەڵگە بە گشتی، لە ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامیدا بێت.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان
