شاندی پارێزگای شرناخ سه‌ردانی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌كات

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 9ـی ئابی 2023) عوسمان بیلگین، والی شرناخ له‌ باكووری كوردستان – توركیا سه‌ردانی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیلی كرد و له‌لایه‌ن حه‌مید عه‌لی، سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ پێشوازی لێ كرا.

دواتر هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا، كه‌ ئامانج له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌ره‌باڵغییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و ئاسانكاری و خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتیان و گه‌شتیاران بوو كه‌ به‌و ده‌روازه‌یه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێی په‌ره‌پێدانی زیاتری جووڵه‌ی بازرگانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و نه‌هێشتنی كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م هاتووچۆی ده‌روازه‌كه‌ كرا.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 9ـی ئابی 2023) شاندێكی پارێزگای شرناخ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عوسمان بیلگین، والی شرناخ له‌ باكووری كوردستان – توركیا، سه‌ردانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆی كرد و له‌لایه‌ن گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی زاخۆوه‌ پێشوازیان لێ كرا.

شانده‌كه‌ی پارێزگای شرناخ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ردانی شاندێكی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌ سه‌رۆكایه‌تی گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی رابردوودا سه‌ردانی پارێزگاری شرناخی له‌ باكوور كوردستان – توركیا كردبوو.

شاندی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شرناخ گله‌یی و تێبینی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی له‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ هه‌یه‌، گه‌یاندبووه‌ به‌رپرسانی شرناخ.

هاوكات گوهدار شێخۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ عوسمان بیلگین رایگه‌یاند، سه‌ردانی شاندی پارێزگای شرناخ درێژه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولایه‌ له‌ بواره‌ مرۆیی و ئابووری و بازرگانییه‌كان، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رده‌وامیان ده‌بێت و له‌سه‌ر ئاسته‌كانی دیكه‌شدا به‌تایبه‌ت له‌ بواری بازرگانیدا زیاتر پێشده‌خرێت. هه‌روه‌ها روونیشیكردوه‌وه‌، كه‌ ده‌روازه‌ی خابوور بۆ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراقیش گرنگه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا.

له‌لای خۆیه‌وه‌ پارێزگاری شرناخ رایگه‌یاند، به‌رنامه‌یه‌كی جددیان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی به‌رده‌م هاتووچۆ له‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی له‌و ده‌روازه‌ هه‌یه‌ كۆنترۆڵ بكرێت، به‌تایبه‌تی روونیكرده‌وه‌ ده‌بێت رێگه‌چاره‌ بۆ هاتووچۆی ئه‌و كه‌سانه‌ دابنرێت كه‌ به‌مه‌به‌ستی نه‌خۆشی یان گه‌شتیاری یان هه‌ر بوارێكی دیكه‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ كاری بازرگانی له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌كه‌وه‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن.